لە ئێران قەیرانی كەمئاوی سەر هەڵدەدات

 

(عەلائەدین برووجەردی) بەرپرسی كۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، قەیرانی ئاو لە وڵاتەكەی گەیشتۆتە ئاستی ئاسایشی و هەر بۆیەش كۆمیتەی ئاسایشی ئاو لە پەرلەمان درووست كراوە.

بەرپرسانی ئێران ساڵانێكی زۆرە رایانگەیاندووە، وڵاتەكەیان بە سنووری قەیرانی ئاو گەیشتووە، دابەزینی ڕێژەی بارانی ساڵانە لە ئێران و زیاد بوونی داواكاری بۆ بەكار هێنانی ئاو و كەم بوونی سەرچاوە ئاوییەكان لە هۆكارەكانی درووست بوونی ئەم قەیرانەیە.

برووجەردی دەڵێت، وڵاتی ئێران لە باری سەرچاوەكانی ئاوەوە تووشی گرفتی زۆرەو ئێران ئێستا لە وڵاتانی كەم ئاوی جیهانەو ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە زۆربەی ڕووبارەكانی ئێران پیسایی دەچێتە نێو ئاوەوەو ئاوی خاوێن لە نێو دەبات.

بەرپرسانی ئێرانی هەموو ساڵێك لە وەرزی گەرمادا هۆشدار بە خەڵك دەدەن كە ئاو كەم بەكاربێنن بۆ ئەوەی ئاوی شار و گوندەكان نەبڕدرێت.

ئێران تا ئێستا چەند دەورە وشكەساڵی تێپەڕكردوەو بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە دەریاو ڕووبارەكانی ئێران وەك هاموون و ورمێ وشك بوون یان لە مەترسی وشك بوونی هەمیشەیین.

جگە لە وشكە ساڵی، كارناسانی ژینگە سیاسەتەكانی حكومەت لە دەیەی ڕابردوودا وەك یەك لە هۆكارە سەرەكیەكانی قەیرانی ئاو لە ئێران ئە‌ژمار دەكەن.

(حەمید چیت‌چیان) وەزیری وزەی ئێران ساڵی رابردوو هۆشداری دابوو كە ژیان و شارستانیەتی ئێران بە هۆی ڕەوشی كەش و هەوا لە مەترسی لە ناوچووندایەو ئێستا ئامادەكردنی ئاوی خاوێن بۆتە كێشەیەكی گەورە لە ئێراندا.