ڕونکردنەوەیەک لە کارەبای سلێمانیەوە

بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی ڕونکردنەوە لەبارەی کوژاندنەوەی کارەبا بۆ ماوەی چەندجارێک دەدات و تەئکیدیشدەکاتەوە، بەھیچ شێوەیەک قەرەبوی ھاوڵاتیان ناکرێتەوە.

ھەرچەندە لەئێستادا بەوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ماوەی  نزیکەی 10 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی لەشەوو ڕۆژێکدا دەدرێتە ھاوڵاتیان، بەڵام چەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی کارەبایان کەمتریش بۆتەوە.

ھیوا عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، “بەھۆی بونی سیستمی ئەندەر فیرکۆنسی لەسەر سێکتەری کارەبا  وا دەکات چەند فیدەرێک  کارەبایان بۆ ماوەی چەند خولەکێک بکوژێتەوەو ڕاستەوخۆ دوای ئەوە کارەبایان پێدەدرێت”.

ھۆکاری پەیڕەوکردنی ئەو سیستمەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی، “دەمانەوێت ڕێگە لەکوژاندنەوەی گشتی بگرین و کارەبای سەرجەم ھاوڵاتیانی شارەکە پێکەوە نەکوژێتەوە”.

جەختیشیکردەوە، ئەو کوژراندنەوەیە بۆ ماوەی چەند خولەکێکەو ناگاتە نیو کاتژمێر، “ئەگەر لەو وادەیەشدا تێپەڕی، مانای وایە کێشەی تەکنیکی ھەیە”.

ئەوەشی وت:”پەیڕەوکردنی ئەو سیستمە بۆ ماوەی چەند خولەکێک لەسەر سەرجەم فیدەرەکان پەیڕەودەکرێت و ھەر ماوە ماوە چەند فیدەرێکە، جگەلەوەش بەھیچ شێوەیەک قەرەبوی ئەو گەڕەکانە ناکرێتەوە کە کارەباکەیان بۆ ماوەی چەند خولەکێک دەکوژێتەوە، چونکە ئەو بەرنامەیە بەشێوەی دەوری بەسەر سەرجەم فیدەرەکاندا پەیڕەودەکرێت”.