فیلمێکى ئەنیمەیشنى کوردى بەناوى (بێدەنگى ئاسمان) لەدەرهێنانى جوبرائیل ئەبوبەکر لەفێستیڤاڵى سینەمایى وڵاتى کەنەدا خەڵات کرا.
دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەکر لەبارەى خەڵاتەکەوە رایگەیاند “فیلمەکەم (بێدەنگى ئاسمان) لەخولى 2017ى فێستیڤاڵى سینەمایى باشورى جۆرجیا کەلەوڵاتى کەنەدا ئەنجام دەدرێت خەڵاتى برۆنزى لەبەشى فیلمە ئەنیمەیشنەکان پێبەخشرا”.
فیلمەکە نوێترین بەرهەمى سینەمایى دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەکرە و بەسپۆنسەرى عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنى زانکۆى نۆلج بەرهەمهێنراوە و لەئێستادا فیلمەکە لەچەندین فێستیڤاڵى سینەمایى نێونەتەوەیى وەرگیراوە و بەشدارى لەپێشبڕکێ و بردنەوەى خەڵاتدا دەکات و دواهەمین بەشداریشى لەخولى یانزەهەمینى فێستیڤاڵى سینەمایى روبار بو کە لە رۆژانى 16 تا 30ى حوزەیرانى 2017 لەوڵاتى ئیتاڵیا بەڕێوەچو.
(بێدەنگى ئاسمان) کورتە فیلمێکى ئەنیمەیشنەو لەبارەى خەونەکانى مرۆڤە بۆ ئازادی و لەبارەى چیرۆکى فیلمەکەشەوە جبرائیل ئەبوبەکر دەڵێت “فیلمەکە باس لەخەونى مرۆڤ دەکات بۆ ئازادى، بەوپێیەى کە هیچ کەسێک ناتوانێت رێگا لەئازادى بگرێت و بەربەستى بۆ دروست بکات”.
وتیشى “ماوەى فیلمەکە 100 چرکەیە و بەرهەمى ساڵى 2017-یە”.
جوبرائیل ئەبوبەکر رەحمان لەدایکبوى ساڵى 1983ى شارى هەولێرە، لەساڵى 2001ەوە دەستیداوەتە کارى سینەمایى و لەنزیکەى 40 کورتە فیلمدا یاریدەدەرى وێنەگر بوە و لە 13 فیلمى سینەمایى درێژیشدا یاریدەدەرى وێنەگر بوە و لەساڵى 2010ەوە کارى دەرهێنانى سینەمایى دەکات و هەتا ئێستا چوار کورتە فیلمى بەرهەمهێناوە و نزیکەى 20 خەڵاتى نێوخۆیى و جیهانیشى بەدەستهێناوە.