رۆژنامەیەكی بەریتانی رایدەگەیەنێت كەشتییەكی باركراو بەنەوتی كوردستان لەدوای 18 رۆژ لەپچڕانی پەیوەندیی لە ئۆقیانوسی ئەتڵەسی دۆزرایەوە.
رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویكردۆتەوە كەشتییەكی بارهەڵگری نەوت كە نەوتی كوردستانی باركردبوو و بەرەو ئەمریكای باكوور بەڕێكەوتبوو، نزیكەی 18 رۆژ پەیوەندیكردن بەكەشتییەكەوە پچڕابوو ، بەڵام لەدوای هەفتەیەك لەگەڕانی بەردەوام لەرێگەی سیستمی تایبەت بە چاودێریكردنی هاتوچۆی كەشتییەكان- ئەی ئای ئێس- لەدووری 300 میل لەنوفا سكۆتیای كەنەدی لەئۆقیانوسی ئەتڵەسی دۆزرایەوە و ئاڕاستەی كەشتییەكەش بەرەو ئەمریكای باكوور بووە.
پێشتر میدیا جیهانییەكان ئاماژەیان بەوەكردبوو كەشتییەكی بارهەڵگری باركراو بە نەوتی كوردستان بەرەو وڵاتی ئەمریكا بەڕێكەوتووە، بەڵام ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە نەوتی كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی ئەمریكا كرابێت.