سلێمانی، تا چەند ڕۆژێکیتر دۆخی کەشوهەوا وەک خۆی دەمێنێتەوە

بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی، ئاشكری كرد، ئەو ڕەشەبایەی لە شاری سلێمانی دەستیپێكردووە تاوەكو ٤ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، ئاماژە بەوەش دەكات، كە لەدوای نەمانی ڕەشەبا، پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە.
 
لە شەوی ڕابردووەوە ڕەشەبایەکی توند لە شاری سلێمانی هەڵی كردووە، بەهۆیەوە پلەكانی گەرما نزم بوەتەوە.
 
دارا حەسەن بەرێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی، لە بارەی خێرایی ڕەشەبا و ماوەی بەردەوامبوونی ڕەشەباكە، بە ڕۆژنیوزی وت:”تاوەكو ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە ڕەشەبا لەشاری سلێمانی بەردەوام دەبێت، خێرایی باكە لەنێوان (١٥-٢٥)كم/ لەكاتژمێرێکدایە، بەهۆی هەڵكردنی ئەم بایەوە پلەكانی گەرما دابەزیوە”.
 

وتیشی:”لەدوای ٤ی مانگەوە شەپۆلێكی گەرمای هاوینە ڕوو لەشاری سلێمانی دەكاتەوە و پلەكانی گەرما بۆ ٤٥ پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە، ئەم پلە بەرزەی گەرما تاوەكو ١٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت”.