بهرێوبهری دابەشکردنی کارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی لەم وەرزەدا شتێکی چاوەڕوانکراوەو بەهۆی نەبوونی داهاتیشەوە ناتوانن لە ئێستادا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەن.
ئومێد محەممەد لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی لە ئێستادا راگەیاند ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراوە، “وەک پێشتریش وتومانە، خواست زیادی کردووە و بڕی کارەبا کەمبووەتەوە.”
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەرێم ئاماژە بەوەشدەکات لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و چوار سەد مێگاواتە لە کاتێکدا خواستی هاوڵاتیان چوار هەزار و پێنج سەد مێگاواتە.
“بۆ چاککردنی کارەبا ئەبێ بڕی بەرهەم زیاد بکەین، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانین ئەو کارە بکەین،” ئومێد محەممەد وادەڵێت.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ نزیک 50 پلەی سەدی، کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.