بانكی ناوەندی قەتەر تەئكید دەكاتەوە، بەهای ڕیاڵی قەتەری لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەتەواوەتی جێگیرەو لەناوەوەو دەرەوەی وڵاتیش گەرەنتی هەموو پرۆسەیەكی گۆڕینەوەی دراو دەكەن.
بانكی ناوەندی قەتەر لە بەیاننامەیەكدا جەختیكردۆتەوە: كە گەرەنتی هەموو پرۆسەیەكی گۆڕینەوەی دراو لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات دەكەنو سەرجەم بانكەكانو كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراویش پابەندن بە گۆڕینەوەی دراو بۆ هاوڵاتیان بەبێ دواكەوتن، ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە هەندێك لە كۆمپانیاكانی گۆڕینەوەی دراو كڕینی ڕیاڵی قەتەریان ڕاگرتووە.
وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە: نرخی گۆڕینەوەی ڕیاڵی قەتەری بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەتەواوەتی جێگیرەو لەناوەوەو دەرەوەی وڵاتیش هاوڵاتیان دەتوانن ڕیاڵ بگۆڕنەوە بە دۆلار بەنرخی ڕەسمی.
بانكی ناوەندی قەتەر ئاماژەی بەوەشكردووە: كە ڕیاڵ لەلایەن سندوقی نەختی نێودەوڵەتیەوە وەكو دراوێكی ڕەسمی پەسەندكراوەو لەلایەن بانكی ناوەندیشەوە بە یەدەگێكی گەورەی دراوی بیانی ڕووپۆش كراوە.