گەرماوە قۆڕەكان لە ویلایەتی موغڵا رۆژئاوای توركیا بەهۆی سوودی چارەسەریی بۆ چەندین نەخۆشی جیا جیا، ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری بیانی روویان تێ دەكەن.
گەرماوە قوڕەكان دەكەونە گوندی دالیان لە قەزای ئورتاجا سەربە ویلایەتی موغڵا و بە شوێنێکی گەشتیاری ناسراوە، بەو پێیە سەرنجی ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری لە سەرانسەری وڵاتانی جیهان راكێشاوە هەروەها شوێنێكە بۆ ئەوانەی كە بە دوای ئارامی دەگەڕێن و دەیانەوێت لە جەنجاڵی ناو شارەكان دووربکەنەوە.
لەمبارەیەوە سەرپەرشتیاری گەرماوە قوڕەكان لە گوندی دالیان، محەمەد ئاك كایا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند كە گەرماوەكانیان متمانەپێكراوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی توركیا.
محەمەد ئاك كایا ئاماژەی بەوەشدا كە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەشتیاری لە توركیا، ئەوان رۆژانە پێشوازی لە هەزار و ٥٠٠ گەشتیار دەكەن.
سەرپەرشتیاری گەرماوەكان باسی لەوەشكرد، ئەو قوڕەی كە لە گەرماوەكان بەكار دەهێنرێن متمانە پێكراوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی توركیاوە كە ئارامی دەبەخشنە گەشتیاران هەر ئەوەش وایكردووە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار روو لە گەرماوە قوڕەكان بكەن.
ناوبراو وتیشی: “ئەو گەرماوانە سوودی زۆریان هەیە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی رۆماتیزم، ئازاری ماسولكەكان، نەخۆشییەكانی ئافرەتان و پێست”.
هاوكات یەكێك لەوانەی لە كەرتی گەشتیاری لە دالیان كار دەكات بە ناوی ئوزای ئاكدۆغان وتی: “وەرزی گەشتیاری لە ناوچەكە زۆر بەباشی دەستی پێكردووە”.
ئاكدۆغان ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان ساڵانە پێشوازی لە یەك ملیۆن گەشتیار دەكەن لە وڵاتانی عەرەبی، رووسیا، ئۆكراینا و وڵاتە ئەورووپییەكانی دیكەوە کە وەک گەشتیار سەردانی توركیا دەکەن.