سلێمانی‌؛نرخی‌ ئه‌م مانگه‌و خشته‌ی‌ كارپێكردنی‌ موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ مانگی‌ حه‌وت راگه‌یه‌ندرا

نرخی هه‌ر كاتژمێرێك كاره‌بای‌ موه‌لیده‌ی‌ ئه‌هلی‌ بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێك له‌ مانگی حوزه‌یران  40.5 چل دینار و نیو، ده‌بێت هاوكات خشته‌ی‌ كارپێكردنی موه‌لیده‌كان به‌ جۆرێك ده‌بێت له‌گه‌ڵ كاره‌بای‌ نیشتیمانی‌ 24 كاتژمێر بده‌ن به هاوڵاتیان. 

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ قایمقامییه‌تی‌ سلێمانی‌، پێش نیوه‌رۆی‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، ئاوات محه‌مه‌د قایمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ند سلێمانی به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی و ئاسایشی ئابووری، كۆنترۆڵی‌ كاره‌با، وه‌رشه‌ی ناوه‌ندی و سه‌ندیكای مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان له‌ دیوانی قایمقامیه‌ت كۆبوونه‌وه‌.

سیروان محه‌مه‌د، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی رایگه‌یاندووه‌، به‌رنامه‌ی‌ كارپێكردنی موه‌لیده‌ ئه‌هلیه‌كان له‌ مانگی ته‌مووزدا به‌گوێره‌ی‌ خشته‌یه‌ك به‌كاره‌بای‌ نیشتمانی و مۆلیده‌ی‌ ئه‌هلی 24 كاتژمێر كاره‌با بۆ هاولاَتیان دابین ده‌كرێت بۆیه‌ پێویسته‌ له‌كاتی بڕانی كاره‌بای‌ نیشتمانی دا مۆلیده‌ ئه‌هلیه‌كان كاره‌با بۆ هاوڵاتیان دابین بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌نرخی كاره‌بای مانگی حوزه‌یران و سه‌عاتی پێدانی كاره‌با سیروان محمد ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌، نرخی كاره‌بای مانگی حوزه‌یران (شه‌ش) نرخی كاتژمێرێك ئه‌مپێری‌ موه‌لیده‌ی‌ ئه‌هلی 40.5 چل دینار و نیوه‌ .

به‌وته‌ی‌ ئه‌و، كاتژمێری‌ كارپێكردنی مۆلیده‌كان له‌ گه‌ره‌كه‌كاندا جیاوازه‌، به‌گشتی له‌نێوان 230 – 270كاتژمێره‌، “واته‌ ئه‌گه‌ر مۆلیده‌یه‌ك 250 كاتژمێر كاری‌ كردبێت ئه‌وا بڕی‌  10.000 ده‌ هه‌زار و دینار ده‌بێت بۆ ئه‌مپێرێك، بۆیه‌ نرخی ئه‌مپێڕێك له‌ گه‌ره‌كێك بۆ گه‌ره‌كێكی تر جیاوازه‌”.