وەزارەتی ناوخۆ رسوماتی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی ئەوروپی و علوجی بڵاوكردەوە

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێنمایی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی ئەوروپی‌و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڵاوكردەوە كە لەناو هاوڵاتیاندا بە ئۆتۆمبێلی (علوج) یان (تۆز و با) ناسراون، بەپێی بڕیارەكەش كە لەڕۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوكراوەتەوە، رسوماتی تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە 400 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 2 ملیۆن‌و 500 هەزار دینار.

بڕیارەكەش بۆ ماوەی 120 رۆژ كاری پێدەكرێت‌و دوای ئەو وادەیە هەر ئۆتۆمبێلێك تۆمار نەكرابێت دەستی بەسەردا دەگیرێت‌و ماوەی 30 رۆژ بۆ خاوەنەكەی دیاری دەكرێت تاوەكو تۆماری بكات، هەروەها غەرامەی دواكەوتنی لێوەردەگرێت كە بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەكان بڕی غەرامەكە لەنێوان 500 بۆ 2 ملیۆن‌و 200 هەزار دینارە.

به‌پێی رێنمایه‌كان له‌سه‌دا80 ئه‌و پاره‌ی له‌شۆفێران وه‌رده‌گیرێت ده‌خرێته‌ سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تی دارایی و له‌سه‌دا 20 ده‌خرێته‌ سه‌ر حسابی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان.