گەنجانی هەرێم بۆ کارکردن ڕوو لە مەرزەکان دەکەن

به‌ڕێو‌به‌رى شاره‌دێى بیاره‌، ڕایدەگەیەنێت، کە ئێران جدیی نییە لە بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزی شۆشمێ و بەهۆی بێ کارییشەوە ژماره‌یه‌کى زیاتر له‌ گەنجان ڕوویان له‌مه‌رزه‌که‌ کردووه‌ بۆ کارى بازرگانى.
 
مه‌رزى شۆشمێ تاکه‌ مه‌رزى نیمه‌چه‌ فه‌رمییه‌ له‌ سنورى ناوچه‌ى هه‌ورامان، که‌ له‌ نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشورى کوردستان که‌ به‌ئاشکرا کارى بازرگانى تێدا بکرێت، زیاتر له‌ چوار ساڵیشه‌ به‌ڵێن به‌ خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ دراوه‌ بکرێته‌ مه‌رزێکى فه‌رمى، به‌ڵام تا ئێستا وه‌ک خۆى ماوه‌ته‌وه‌.
 
حه‌مید بارام، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى بیاره‌ى سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ریگه‌یاند “وه‌ک ئیداره‌ى شاره‌دێى بیاره‌ هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کمان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مه‌رزى شۆشمێ بکرێته‌ مه‌رزێکى فه‌رمى بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش به‌ نوسراوى فه‌رمى پارێزگار و قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌مان ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى زانیاریمان پێداربێت ده‌بێت هه‌ردوولایه‌نى ئێرانى و عێراقى ئاماده‌یى ده‌رببڕن بۆ ئه‌وه‌ى شۆشمێ بکه‌نه‌ مه‌رزێکى فه‌رمى”.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، کە پێشتر حکومه‌تى ئێران زۆر جدیى بوو له‌وبابه‌ته‌دا، بەڵام ئێستا ئەو جدییەتەی نەماوە.
 
به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى بیاره‌ ئه‌وه‌شى وت: به‌هۆى ئه‌و بێ کارییه‌ى، که‌ ڕووى له‌ گه‌نجان و هاوڵاتیانى هه‌رێم کردووه‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێگه‌ ژماره‌یه‌کى زیاتر له‌ هاوڵاتیان و گه‌نجان ڕوویان له‌ مه‌رزى شۆشمى کردووه‌ بۆ کارى بازرگانى و هاورده‌کردنى کاڵا، بۆیه‌ ئێمه‌ش بارودۆخى هاوڵاتیانمان له‌به‌رچاو گرتووه‌ و هه‌موو جۆره‌ ئاسانکارییه‌کیمان بۆ کردوون بۆ کاکردنیان له‌مه‌رزه‌که‌دا.
 
مه‌رزى شۆشمێ مه‌رزێکى نیمچه‌ فه‌رمییه‌ و ده‌که‌وێته‌ شارۆچکه‌ى ته‌وێڵه‌ى ناوچه‌ى هه‌ورامان که‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌و مه‌رزه‌وه‌ به‌رهه‌مى کشتوکاڵیی و خۆڵى ئاسن و چیمه‌نتۆ و پێداویستى بیناسازى لە وڵاتی ئێرانەوە هاورده‌ ده‌کرێت.