ئەمریكا بەمەرج ڤیزە دەدات بە هاوڵاتیانی شەش وڵات و ئاماژە بەوەدەكات هاوڵاتیانی ئەو شەش وڵاتە بەومەرجە ڤیزەیان پێدەدرێت دەبێت كەسێكی نزیكیان لە ئەمریكا بێت یاخود لە دەزگایەكی فەرمی ئەمریكی داوای بۆ هاتبێت.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەسۆشیتد پرێسی ئەمریكی، ئەمریكا سیستەمێكی نوێی پێدانی ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی هەریەك لە وڵاتەكانی (سووریا، ئێران، سۆماڵ، لیبیا، سودان و یەمەن) پەیڕەودەكات و مەرجی بۆ پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیانی ئەو شەش وڵاتە دیاری كردووە و بڕیارەكەش لەئەمڕۆ پێنج شەممە دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
بەگوێرەی ئەو مەرجانەی ئەمریكا بۆ هاوڵاتیانی ئەو شەش وڵاتە دیاری كراوە پێویستە ئەو كەسەی داوای پێدانی ڤیزە دەكات دەبێت پەیوەندی هەبێت بە كەسێك وەك دایك وباوك، هاوسەر، منداڵ، كوڕو كچی پێگەیشتوو، زاوا، بووك یان برا و خوشك، یاخود لە دەزگایەكی فەرمی ئەمریكی داوای بۆ هاتبێت.