چەند بەنزینخانەیەك سزادەدرێن

بەهۆی دابەشكردنی بەنزینی كوالێتی خراپ، چەند بەنزینخانەیەك لەسلێمانی سزادەدرێن، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانیش رایدەگەیەنێت: رێگەنادەین بەنزینی خراپ هاوردەی سلێمانی بكرێت.

لەچەند رۆژی رابردوودا لەهەندێك لەبەنزینخانەكانی سلێمانی، بەنزینی خراپ دابەشكراوەو ئەمەش گرفتی بۆ شۆفێران دروستكردووە.

محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی، راگەیاند: ئاگاداركراوینەتەوە كە لەچەند بەنزینخانەیەك بەنزینی خراپ دابەشكراوە، ئەمڕۆ (4 بۆ 5) بەنزینخانەمان پشكنیوە، بەڵام هیچ كێشەیەك لەبەنزینەكەدا نەبووە.

وتیشی: “رێگەنادەین بەنزینی خراپ هاوردەی سلێمانی بكرێت و بەهەموو توانایەكمانەوە رێگەمان لێگرتووە، لەمەرزەكان پشكنینی بۆ دەكرێت و لەناو شاریش لیژنەكان ناوبەناو بەسەر بەنزینخانەكاندا دەگەڕێن و پشكنین بۆ بەنزینەكە دەكەن”.

سەبارەت بەسزدانی بەنزینخانەكان لەڕۆژانی جەژندا، محەمەد حەسیب ئاشكرایكرد، لەڕۆژانی جەژندا دوو بەنزینخانە بەهۆی خراپی كوالێتی بەنزینەكەی، لەلایەن لیژنەكانی قائیمقامیەتەوە سزادراون.

لەلایەن خۆشییەوە، گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی  راگەیاند: لیژنەیەكی تایبەتمان هەیە كە بەسەر بەنزینخانەكاندا دەگەڕێت و ئەگەر دەربكەوێت كوالیتییەكەی لەپێوانەی ئاساییدا نەبێت، بەگوێرەی رێنماییەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت كانزاكان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، پسوڵەی سەرپێچی بۆ دەكرێت.

وتیشی: “لەڕۆژانی جەژندا لیژنەكەمان سەردانی بەنزینخانەكانی كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوام نییە، راپۆرتەكانیان لەلای خۆیانەو هەركاتێك راپۆرتەكانمان بەدەستگەیشت، ئەوكاتە بڵاویدەكەینەوە”.