بەرھەمی خۆماڵی سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت

فراس عەباس پیاوێکی عەرەبە و لە گەڕەکی شەعبی بەغداوە لەگەڵ پێنج ھاوڕێی تری خۆی دوای تێپەڕین بە دیالە و خانەقین و کەلار و دەربەندیخان و سلێمانیدا، لەگەڵ ھاوڕێکانیدا ھاتبوونە ھاوینەھەواری ئەحمەدئاوا و لە فرۆشگایەکی فرۆشتنی بەرھەمە خۆماڵیيەکاندا سەرقاڵی کڕینی و خواردن بوو وتی: “ناوچەیەکی خۆشە و خەڵکێکی شیرینی ھەیە و لە ھەموو روویەکەوە مورتاحین، ئەم خۆراکانەی لێرە ھەن لای ئێمە کەمترن و ئەوەی ئێرە باشتر و بەتامترە، ھەر ئەو چەرەزاتەی لەوێ ھەیە لێرەش ھەیە بەڵام تام و برژاندنی جیاوازی زۆریان ھەیە”.

ئەو کە لەبەغدا کاری فیتەری دەکات و بە وتەی خۆی یەکەمجارە لە رێگەی ھاوڕێیەکیەوە لە سلێمانی ھاتووەتە ئەحمەدئاوا وتی: “بێگومان بە دەستی بەتاڵ ناگەڕێینەوە، تۆ بتەوێت دیاریەکت لەدەست بێت لە باکورەوە بیبەیتەوە بۆخێزان و دۆستانت، لەم دیاریانە باشتر شک نابەیت، ھەر لە خۆراکەوە بگرە تا دەگاتە کەلوپەلە دەستکردەکان ئەوەندە جوانن ھەر بۆ دیاری باشن، ئەو کارە دەستیانەی بە تەختە و بە کەلوپەلی سەرەتایی دروست کراون، زۆر وردەکاریان تێدا کراوە و شایەنی ئەوەن دەستخۆشی لەوەستاکانیان بکرێت”.

عوسمان جەوھەر خەڵکی گوندی زەڵمە و ماوەی پێنج ساڵە فرۆشگای بەرھەمە خۆماڵییەکانی ھەیە، ئەو کە ھەموو جۆرەکانی شیرینی لە باسوق و سجوق و تەمەرند و لوقم و چەرەزات و گوێز و توو و بادەم و فستەق و چەندین خۆراکی تری لە فرۆشگاکەیدا دانابوو، ده‌ڵێت “ھەر کە وتت خۆماڵییە و تامی کرد یەکسەر داوای بەرھەمە خۆماڵیەکە دەکات، بۆ نموونە گوێزی خۆمانە و گوێزی ئەمریکیشمان ھەیە، ھەرچەندە گوێزە ئەمریکیەکە جوانتر و سەرنج راکێشترە، بەڵام فرۆشی گوێزە خۆمانەکە زۆر زیاترە، ئەمەش بۆ جیاواز بوون و بە تامبوونی بەرھەمەکان دەگەڕێتەوە، لەناو بەرھەمەکانماندا گوێز و ھەنجیری وشکی خۆماڵی فرۆشیان زۆر زیاترە لە بەرھەمەکانی تر بە دوای ئەوانیشدا باسوق و سجوق و شیرینیە دەستکردەکان”.

وتیشی: “راستە زۆرێک لەو کەسانەی روومان تێدەکەن بەشێکی ئەو کەلوپەلانەی دەیکڕن بۆ خواردنی ئەو رۆژەیانە بەڵام زۆرینەیان وەک دیاری دەیبەنەوە لەگەڵ خۆیان بە تایبەتی ئەو گەشتیارە عەرەبانەی روو لێرە دەکەن، زۆربەیان دێنە لامان و دەڵێن بۆ ھەدیە دەیکڕن و نایانەوێت بە دەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە، کە ئەو بەرھەم و دیاریانەش بەشێکیان بوونەتە ھۆکاری راکێشانی گەشتیاران بۆئێرە”.

شەیما عەبود لەگەڵ هاوسەرەکەی لە یەکێک لە فرۆشگاکانی بەرھەمە دەستکردەکان مامەڵەی دەکرد، کەلوپەلەکان بە گشتی و بابەتە جوانکاریەکانی ماڵ بە تایبەتی زۆر سەرنجیان راکێشا بوو، لەگەڵ هاوسەرەکەی تاوتوێی نرخ و کڕینی ھەندێ لەو کەلوپەلانەیان دەکرد، وتی: “پێم خۆشە دیکۆری ماڵەکەمان بەم کەلوپەلانە بگۆڕین، ئاخر لێرە شتەکان مۆرکێکی سروشتیان پێوەیە و تێدەگەیت لەوەی مرۆڤ پێوەی ھیلاک بووە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە ھەیە ھەمووئەو کەلوپەلانەن کە لە کارگەکاندا و بەبێ رۆح دروستکراون”.

شەیما کە لە واستەوە ھاتبوو وتی: “ئێمەی ئافرەتان عاشقی جوانی ماڵەکانمانین، بۆیە دەمانەوێت ئەوەی جوانترینە بۆ ماڵەکانمانی بەرینەوە، تەنھا بۆخۆشم نا بەڵکو دیاری بۆ خوشکەکەشم دەکڕم، بەڵام لە راستیدا کەمێک نرخەکان گرانن و ئەگەر لەبەر گرانی نەبوایە پڕ بە ئۆتۆمبێلەکانمان لەم کەلوپەلانەمان دەبردەوە”.