له ماوه‌ی چوار رۆژی رابردودا نزیكه‌ی (70) هه‌زار گه‌شتیار له ڕێی فڕۆكه‌خانه و بازگه و خاڵه سنورییه‌كانه‌وه سه‌ردانی پارێزگاكانی هه‌رێمیان كردوە، ژماره‌كه‌ش به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندایه.
به‌پێی ئاماری گه‌شتوگوزاری سلێمانی له سێ رۆژی پێش جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا له رێگای بازگه‌كانی عه‌ربه‌ت و تاسڵوجه و كه‌ڵه‌وانان و باشماخ و فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانیه‌وه (19) هه‌زار و (716) گه‌شتیار سه‌ردانی پارێزگای سلێمانیان كردوه. هاوكات به‌وته‌ی ئارام شوانی وته‌بێژی گه‌شتوگوزاری سلێمانی له یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی رەمهزاندا نزیكه‌ی (10) هه‌زار گه‌شتیاری تر رویان له پارێزگای سلێمانی كردوه.
به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر له سێ رۆژی پێش جه‌ژندا نزیكه‌ی 20 هه‌زار گه‌شتیار رویان له پارێزگاكه كردوه كه 15 هه‌زاریان له بازگه‌ی پردێوه بوه و پێنج هه‌زاریشیان له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌و سنوری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه هاتون.
له پارێزگای دهۆكیش له ماوه‌ی چوار رۆژدا نزیكه‌ی (10) هه‌زار گه‌شتیار رویان له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه كردوه، له‌یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنیشدا نزیكه‌ی (10) هه‌زار گه‌شتیاری تر له شاره‌كانی باشور و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه هاتونه‌ته پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك.
له لایه‌كی دیكه‌وه هاتنی گه‌شتیارانی ئێرانی له رێگه‌ی ده‌روازه‌ی باشماخه‌وه بۆ هه‌رێم به‌راورد به ساڵی رابردو كه‌میكردوه، به وته‌ی گه‌شتیاران له كاتی هاتنه ناوه‌وه‌یاندا بۆ هه‌رێم بڕه پاره‌یه‌كیان لێ وه‌رده‌گیرێت كه ئه‌و پاره‌یه بڕێكی زۆره بۆ ئه‌وان.
كه‌رتی گه‌شتیاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی داهاتی زۆرێك له وڵاتانه، به‌ڵام تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌یتوانیوه بایه‌خ به‌و كه‌رته‌دا بدات و گرنگی به شوێنه گه‌شتیارییه‌كان بدات بۆ ئه‌وه‌ی ببنه سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی داهات.