لە3 مانگی رابردوودا 219 كەیسی قاچاغ ڕادەستی دادگاكانی پارێزگای سنە كراوەو بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردووش بەرێژەی لەسەدا 45 قاچاخیكردنی كەلوپەل بۆ ناو ئێران لەسنوورەكانی پارێزگای كوردستانەوە كەمیكردووە.
ڕەزا میرزایی بەڕێوبەری لیژنەی قاچاخ لە پارێزگای كوردستان ڕایگەیاند، لەسەرەتای ساڵی نوێی هەتاویەوە لەسنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو ئێرانەوە، 10 هەزارو 288 ئامێری مۆبایلی قاچاخ دەستی بەسەردا گیراوەو بەوشێوەیەش لەسەدا 97 گرتنی مۆبایلی قاچاخ زیادیكردووەو هاوكات 12 هەزار ئامێری سەتەلایتیش دەستی بەسەردا گیراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەسێ مانگی رابردوودا، 33 ملیۆنو 842 هەزار پاكەتی جگەرەی قاچاخ دەستی بەسەردا گیراوەو گرتنی مادە كحولییەكانیش لەو سنورانەوە لەسەدا 24 بەرزبووەتەوە، بەڵام بەشێوەیكی گشتی بەرێژەی لەسەدا 45 قاچاخیكردنی كەلوپەل بۆ ناو ئێران لەسنوورەكانی پارێزگای كوردستانەوە كەمیكردووە.
بەڕێوبەری لیژنەی قاچاخ لەپارێزگای كوردستان وتیشی، زیادبوونی كرداری كڕینی كەلوپەل لەرێگەی ئینتەرنێتەوە یەكێكە لەهۆكارەكانی زیادبوونی رێژەی قاچاخیكردن، بۆیە پێویستە پۆلیس زیاتر چاودێری كاری بازرگانی لەم بوارەدا بكات.