ئێوارانی رەمەزان لە خانەقای بیارە

لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا، خانەقای بیارە جیاوازتر لە مانگەكانی تری ساڵ پێشوازی لەم مانگە دەكات و مامۆستا و فەقێ‌ و دەروێشان و نوێژخوێنانیش زۆربەی كاتەكانیان لەناو خانەقاكەدا و بەدەم زیكر و قورئان خوێندن و نوێژ و عیبادەتەوە بەسەر دەبەن، ئێوارانیش خوانی بەربانگ بۆ دەیان كەس ئامادە دەكرێت و خانەقاكە دەبێتە شوێنی خواپەرستی و حەوانەوەی ئەو كەسانەشی رێگایان دەكەوێتە ناوچەكەوە.

خانەقای بیارە مێژوویەكی دێرینی هەیە لە پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی و چەندین زانای ناودار لەو خانەقایەدا خزمەتیان كردووە، خانەقاكە دەكەوێتە ناحیەی بیارە لە ناوچەی هەورامانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە (بە دووری 98 كیلۆمەتر باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی).

خانەقای بیارە لە ساڵی 1885ی زاینی لە لایەن شێخ عومەر زیائەددینی بیارە دروستكراوە كە گۆڕەگەی لە ئێستادا لە خانەقاكەدایە، ئەم خانەقایە قوتابخانەی پێگەیاندنی فەقێیەكانی ناو حوجرەكان بووە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە لە خزمەتكردن.

ئەوەی دیمەنی ئەم خانەقایەی جوانتر كردووە لە ناو سروشتە جوانەكەی هەوراماندا، دیمەنی دەیان پیری ریش سپی نورانی و فەقێ‌ و منداڵ و پیاوانی بە تەمەنی ناوچەی هەورامانن بە جلوبەرگی كوردەواری خۆیانەوە كە ئێواران روو دەكەنە خانەقاكە و لە چاوەڕوانی بانگ و شكاندنی رۆژووی رۆژێكی تری مانگی رەمەزاندان.

بەهجەت سان ئەحمەد ماوەی چەند ساڵێكە وەك خزمەتكاری خانەقاكە خزمەت دەكات، ئەو باس لە خزمەت و پێگەیاندنی سەدان زانا و كەسایەتی ناودار لەم خانەقایەوە دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات خانەقاكە شوێنی حەوانەی هەموو كەسێكە بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا.

بەهجەت وتی: “هەموو ئێوارانی مانگی رەمەزان خوانی بەربانگمان هەیە بۆ ئامادەبووانی ناو مزگەوتەكە بە مامۆستایان و فەقێ‌ و نوێژخوێنان و هەژاران و ئەو كەسانەشی رێگەیان دەكەوێتە ئەم ناوچەیەوە”.

لە مانگی رەمەزاندا ئەوانەی سەردانی ئەم خانەقایە دەكەن تەنها دانیشتووانی ناوچەی هەورامان نین، بەڵكو لە بەشێك لە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستانەوە بۆ شەوانی قەدر و بەسەركردنەوەی مەزارەكانی ناو خانەقاكە سەردانی خانەقای بیارە دەكەن.