راوێژكارێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، جەخت دەكاتەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان رێگەی پێبدرێت نەوت بفرۆشرێتو نەیداتە بەغداد، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دوو ئەوەندەی ئەو پشكە دەبێت كە لەبەغدا وەریدەگرین. “دەتوانین لەكاتی راگەیاندنی سەربەخۆیشدا پشت بەداهاتی نەوت ببەستین”.
عەلی حوسێن بەلو، لە میانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ”هاوڵاتی، باس لەوە دەكات كە كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتیان وەك ئاگاداركردنەوەی بەغدا بەكارهێناوە، تا بزانێت پابەند نەبووە بەڕێكەوتنەكەی نێوان بەغداو هەرێم.
دكتۆر عەلی حوسێن بەلو لەخولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، سەرۆكی لیژنەی نەوتو گاز بووەو شارەزایەكی باشی لەنەوتو سامانە سروشتییەكاندا هەیە.
هاوڵاتی: لەئێستادا ناردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە دابەزیووە بۆ پێنج هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا، هۆكار چییە؟
عەلی حوسێن بەلو: بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێم دەبوو بەغدا بڕی یەك تریلۆن دیناری زیاتری بۆ خەرجی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم رەوانە بكرایە، بەڵام دوای ئەوەی رێككەوتنەكە لەلایەن هەردوولاوە واژۆكرا، تەنها بڕی 650 ملیار دینار دراوەتە هەرێمی كوردستانو بڕی 350 ملیار دیناریان نەناردووە، حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە لەكۆنفرانسی وزە لەبەریتانیا جەختی لەوەكردەوە یەك دیناری تر نادەنە كۆمپانیاكانی نەوت كە لەهەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئێمەش بڕیارماندا كەمی بكەینەوە بۆ ئەو رێژەیە تا فشار لەسەر حكومەتی عێراق دروستبكەین.
هاوڵاتی: بەڵام پێتوایە ئەو كارتی فشارە رۆڵی دەبێت لەپێدانی ئەو پارەیەدا؟
عەلی حوسێن بەلو: ئێمە وامانكردووە تا بەغدا تێبگەیەنین كە رێككەوتنێك هەبووە لەنێوان هەردوولادا دەبێت پێوەی پابەندبن، ئەگەر تاكۆتایی ساڵ نەینێرن ئێمە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە بەتەواوەتی رادەگرین.
هاوڵاتی: بەڵام بەرپرسانی نەوت لەحكومەتی ناوەندی دەڵێن هەرێمی كوردستان پابەند نییە بەڕێككەوتنەكەوە، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانە نەكردووە؟
عەلی حوسێن بەلو: لەڕێكەوتنەكەدا باسی ناردنی 250 هەزار بەرمیل كراوە، كە لەسەرەتای ساڵی نوێوە ئەو نەوتە رەوانەبكەین، لەبەرانبەردا حكومەتی ناوەند كۆی پارەی موستەحەقاتی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم بدات، ئەوان پێوەی پابەندنەبوون، هۆكارەكەش پەیوەندی بەكێشەی سیاسی نێوان هەرێمو بەغدادەوە هەیە.
هاوڵاتی: پێتوایە پڕۆژە یاسای نەوتو غازی عێراق، ئەگەر لەپەرلەمان پەسەندبكرێت، كێشەی نێوان هەرێمو بەغدا چارەسەر بكات؟
عەلی حوسێن بەلو: ئێمە لەساڵی 2007وە چەندین كێشەمان لەگەڵ حكومەتی ناوەند هەیە، ئەو كێشانەش كەڵەكە بوون، پڕۆژە یاسای نەوتو غاز رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئەگەر بكرێتە یاساو جێبەجێبكرێت ئێمە كێشەكانمان چارەسەر دەبێت، بەڵام لەئێستادا میزاجی شەخسی تێكەڵ بەكێشەكان كراونو ئێمە دەمانەوێت یاسا یەكلاییبكاتەوەو بەرجەستە ببێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە بەپێی یاساو رێككەوتنەكان دەبێت بەغدا پارەی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم بدات، ئەمەی ئێستا حوجەی تێدا نییەو هیچ موبەریرێك بۆ نەدانی ئەو پارەیە نییە، بەڵام هەر كاتێك كە رێكەوتنەكەی نێوان هەرێمو بەغدا كرا حوسێن شەهرستانی تەحەفوزاتی لەسەر هەبوو تا ئەویش رەزامەندی لەسەر نەدات پارەی كۆمپانیاكانی هەرێم نادرێت.
هاوڵاتی: نێچیرڤان بارزانی لەسێ رۆژی رابردوودا بۆ رۆژنامەی تایمی راگەیاند كە ئێستا كاتی سەربەخۆیی كوردستانە، پێتوایە لەڕووی ئابوورییەوە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت داهاتی نەوتو داهاتەكانی ناوخۆ بەشی كوردستان دەكات؟
عەلی حوسێن بەلو: ئەگەر رێگەمان پێبدرێت خۆمان نەوت هەناردەی دەرەوە بكەینو بیفرۆشینو نەیدەینە بەغدا، ئەوا كوردستان لەكاتی راگەیاندنی سەربەخۆیدا دەتوانێت پشت بەداهاتی نەوت ببەستێتو پێویستمان بەبەغدا نابێتو كافیە بۆ كوردستان، تەنانەت ئەگەر خۆمان نەوت بفرۆشینو رەوانەی بازاڕەكانی جیهانی بكەین دوو قاتی ئەو پارەیەمان دەستدەكەوێت كە بەغدا بۆ هەرێمی كوردستانی رەوانە دەكات.
هاوڵاتی: پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن باس لەوەدەكەن لەژمێرەی كۆتایی 2011دا، داهاتەكانی نەوت ونەو لەبودجەی ساڵانەی هەرێمیشدا بوونی نییە، ئایا داهاتەكان دەچێت بۆ كوێ؟
عەلی حوسێن بەلو: لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ پەرلەمانتارانی كوردستان، بەڵام ئێمە لەهەرێمی كوردستاندا داهاتی نەوتمان نییەو بەپێی مادەی 111ی دەستوور هەموو داهاتەكان رەوانەی بەغدا دەكەینەوەو لە رێژەی 17% بودجە بۆمان دەنێرنەوە.
هاوڵاتی: بەڵام ئەی ئەو هەموو كۆمپانیایەی كاردەكەن لەدۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت، لەگەڵ ئەو سەدان پاڵاوگەیەی هەمانە؟
عەلی حوسێن بەلو: كۆمپانیاكانی نەوت خۆیان لەسەر حسابی خۆیان دەگەڕێن بەدوای نەوتداو داهاتیان نییە، پاڵاوگەكانیش بەشی پێداویستیەكانی ناوخۆ پڕدەكەنەوەو داهاتیان نییە، ئەو داهاتی نەوتەی هەیە رەوانەی بەغداد دەكرێتەوە بۆیە لەبودجەی هەرێمدا نییە.
هاوڵاتی: دەوترێت رێژەیەكی زۆر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت دەدەن بەكۆمپانیاكان كە باس لە 45% دەكرێت تاچەند ئەوە راستە؟
عەلی حوسێن بەلو: كۆمپانیاكان لەسەر حسابو گیرفانی خۆیان دەگەڕێن بەدوای نەوتدا، ئەگەر نەیدۆزنەوە ئەوا حكومەتی هەرێم یەك دیناریان پێنادات، لەحەقی گەڕانیان بەدوای نەوتدا، بەڵام ئەگەر دۆزرایەوەو كاریان تێدا كردو نەوتیان دەرهێنا، ئەوا ئەو پارەیەی كە خەرجیان كردووە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بەڕێژەی 40% تا 50% لەپارەی ئەو نەوتە هەڵدەگرنەوە، حەقی ئەو خەرجییانەی كردوویانە، واتا وەك سولفەیەك پێیان دەدەرێت، دوای ئەوەی پارەی خۆیان كۆتایی پێهات، كۆمپانیاكان بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بەڕێژەی 9% تا 12% لەهەر بەرمیلێك نەوت قازانج وەردەگرنو لەوە زیاتر نییە، جیاوازی ئەو رێژەیەش بۆ شوێنی جوگرافی ئەو شوێنانە دەگەڕێتەوە كە كاری تێدا دەكەن.