خاوەنی هۆتێل و مۆتێلەكان سزا دەدرێن

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، هۆشداری بەخاوەن هۆتێل و مۆتێلەكانی هەرێمی كوردستان دەدات لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوە یان پەشیمانبوونەوە لە گرێبەستەكانیان سزا دەدرێن.

ئەمڕۆ شەممه‌ 24ی حوزەیران، نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، لە هاتنی ژمارەی زۆری گەشتیاران بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، زانیاریمان پێ گەیشتووە هەندێك هۆتێل و مۆتێل بۆ مەبەستی قازانجی كاتی لە گرێبەستەكانی خۆیان پەشیمان دەبنەوە كە پێشتر لەگەڵ كۆمپانیاكانی گەشتیاری واژوویان كردووە.  

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، ئەم هەڵوێستەی هۆتێل و مۆتێل و ناوبانگی گەشتیاری هەرێمی كوردستان و كاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر جووڵەی گەشتیاری دەبێت.  

ڕۆستی وتی، داوا دەكەین هەموو لایەك پابەند بن بەو گرێبەستانەی كردوویانە، بەپێچەوانە دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بۆ مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، رێكاری پێویست دەگرێتەبەر.

ساڵانە لەكاتی بۆنە و یادەكان بەهۆی زۆریی شوێنە گەشتیارییەكان، ژمارەیەكی زۆری گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لە هۆتێل و مۆتێلەكان دەمێننەوە، بۆ جەژنی ڕەمەزانیش پێشبینی دەكرێت نزیكەی دوو ملیۆن گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.