هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە نزیكەی 530 هەزار بەرمیلە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، كۆی گشتی هەناردەكردنی نەوت لەو كێڵگە نەوتیانەی بەدەست حكومەتی عێراقەوەیە دەگاتە سێ ملیۆن و 27 هەزار بەرمیل رۆژانە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش لەنێوان پێنج سەدو 20 بۆ پێنج سەدو 30 هەزار بەرمیل نەوتدایە.

جەبار لوعێبی وەزیری نەوتی عێراقی بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، كۆی هەناردەی نەوتی عێڕاق لە هەموو كێڵگەكانییەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەگاتە 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەوەش لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە.

 ئاماژەی بەوەش كردووە، عێراق بەكۆی گشتی رۆژانە 4 ملیۆن و 315 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.

لوعێبی راشیگەیاندووە، لەم مانگەدا تا ئێستا هەناردەی نەوتی كوردستان لەنیوان 520-530 هەزار بەرمیل نەوتی بووە رۆژانە، ئەوەش لەكاتێكدایە ماوەی چەند مانگێكە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم هیچ ئامارێكی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بڵاونەكردوەتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق رونیشكردووەتەوە، وڵاتەكەی “گفتوگۆی لەسەرخۆ” لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان دەكات كە لەعێڕاقدا كاردەكەن بۆ پێداچوونەوەی گرێبەستەكان.

عێراق دەیەوێت گۆڕانكاریی بكات لە مەرجی ناو ئەو گرێبەستە نەوتییانەی كە وای دەبینێت چیتر لەبەرژەوەنیدا نییە دوای دابەزینی نرخی نەوت كە سێ ساڵ پێش ئێستا  نرخی هەر بەرمیلێك 100 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بۆ 45 دۆلار دابەزیووە.

عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەرێكخراوی ئۆپیكدا دوای سعودییە. رێكخراوی ئۆپیكیش لە مانگی ئایاردا رێككەوتنەكەی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان تا كۆتاییەكانی مانگی ئاداری 2018 درێژكردەوە بە ئامانجی پاڵپشتی نرخی نەوت.

لوعێبی لەو بارەیەوە وتی، “عێراق پاڵپشتی رێككەوتنەكە دەكات و ئەگەر بەرەوپێشچوونی دیكە روویدا و ناكۆك بوو لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئۆپیكدا، ئەوا وەزیرەكانی رێكخراوەكە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدەن.”