بەپێی ئەو راپۆرتەی کە لە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بڵاوبووەتەوە کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە هەڵگری 650 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانە ، رێگەی خۆی بەرەو ئەمریکا گرتووەتەبەر و بەو پێیەش دوای 3 ساڵ بۆ یەکەمجارە نەوتی هەرێمی کوردستان دیسان هەناردەی ئەمریکا دەکرێتەوە.
هەفتەی رابردوو کەشتی نەوتهەڵگری” ئافراماکس نێڤێرلاند” بەندەری جەیهانی جێهێشتووە و دوو رۆژ لەمەوبەر دەریای ناوەڕاستی بڕیوە و بەرەو کەنارە ئاوییەکانی رۆژئاوای ئەمریکا بەڕێکەوتووە.
لە ساڵی 2014 دا ، چەندین کەشتی بچووک نەوتی هەرێمی کوردستانیان گواستەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام کاتێک کەشتی ” کالاڤرتا، هەڵگری 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان، بەرەو کەنارەکانی تەکساس بەڕێکەوت، رووبەڕووی کاردانەوەی تووند و یاسایی حکومەتی عێراق بووەوە و لە دادگای شاری هیوستنی ویلایەتی تەکساس ، سکاڵا دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرا.
بەپێی شارەزایان ، هەرێمی کوردستان بەرەو گشتپرسی و سەربەخۆیی دەڕوات و لەبەر ئەوەش دەیەوێت بازاڕی نەوتی خۆی فراوانتر بکات و زیاتر سەربەخۆبێت لە فرۆشتنی نەوتی خۆی.