كۆمەڵەی جووتیارانی عیراق ئاشكرای دەكات: بەهۆی هاوردەكردنی بەرهەمی سەوزەی هەرێمی كوردستانو زۆری بەرهەمی ناوخۆییەوە، نرخی سەوزە بەڕێژەیەكی زۆر دابەزیووە، داواش دەكات وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق پرسی هاوردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی كوردستان چارەسەر بكات.
كۆمەڵەی گشتی جووتیارانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوە: بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئامادەیان كردوە دەركەوتووە، لە هەفتەی رابردوەوە نرخی سەوزە بەڕێژەیەكی زۆر دابەزیووەو هۆكارەكەی بۆ زۆری بەرهەمی ناوخۆییو هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە لە دەرەوەی عیراقو دابەزینی توانای كڕینی هاوڵاتیان دەگەڕێتەوە.
كۆمەڵەكە تەئكیدیشیكردۆتەوە: كە یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی سەوزە، هاوردەكردنی ئەو بەرهەمەیە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوەڕاستو باشووری عیراق، كە لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی ئەژماركراوە، هەروەها داواشی لە وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق كردوە، كە چارەسەری پرسی هاوردەكردنی بەروبومی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی زیان بە جووتیارانی ناوەراستو باشووری عیراق نەگات.
كۆمەڵەی گشتی جووتیارانی عیراق هێمای بۆ ئەوەشكردوە: كە بەشێكی زۆری ئەو بەروبومە كشتوكاڵیانەی هاوردەكردنیان قەدەغە كراوە، لە بازگەی خاڵسەوە داخڵی پارێزگاكانی دیكەی عیراق دەبن، ئەمەش بۆتە هەڕەشە لەسەر كەرتی كشتوكاڵی عیراقو گوزەرانی جووتیاران.