لەگەڵ هاتنی جەژنی رەمەزان و پشوەكانی ئەو بۆنەیە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم چەند ئامادەكاریەك بۆ پێشوازیكردن لە هاتنی گەشتیاران ئەنجام دەدات.
لەوبارەیەشەوە نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم راگەیاند: كە ئەمساڵیش دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم جەژن و بۆنەكانی رابردوو بە هاوكاری و پاڵپشتی دەزگاو دامەزراوەكانی تری حكومەت و هەرێمی كوردستان ئامادەكاری لە سەرجەم لایەنەكانەوە بۆ كارئاسانیكردن و هاتنی گەشتیاران كردوە.
وتیشی: لەو ئامادەكاریانەیاندا كارئاسانی زۆر لە بازگەكاندا دەكرێت بۆ هاتنی گەشتیاران، واتە رێگە بە گروپی گەشتیاری و بەخێزانەكان دەدرێ بە ئوتومبێلی تایبەتی خۆیان سەردان بكەن و بۆ ئەمە مەبەستەش خزمەتگوزاریەكان لە بازگەكاندا زیاد كراون لە هەمان كاتدا راچاوی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش كراوە و كارئاسانیەكانیش لەسەر حسابی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان نین.
ئاشكراشی كرد: كە ئامادەكاریەكان لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزار دەستی پێ كردووە و لە هەموو سنوورەكان لیژنەی تایبەت بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بۆ ئەم جەژنە دروست كراوە.
سەبارەت بە ژمارەی گەشتیارانیش وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند: پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆر گەشتیار بێنە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە ناوەڕاست و باشوری عێراق، چونكە گەشتیارێكی زۆر بۆهاتن خۆیان ناونووس كردووە.