جوتیاران هۆشیاریی دەدەن لە ئەگەری هەرەسهێنانی کەرتی کشتوکاڵ

جوتیارانى سنورى پشده‌ر نیگەرانن لەوەی، کە حکومه‌ت وه‌ک پێویست هاوکاریان ناکات و هۆشداریی دەدەن لە هەرەسهێنانی کەرتی کشتوکاڵیی، ئه‌ندازیارێکیش له‌ فەرمانگەی کشتوکاڵى پشده‌ر دەڵێت: بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە ناتوانین وەک پێویست هاوکاری جوتیاران بکەین.
جوتیارانی سنوری شارۆچکەی پشدەری سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین نیگەرانیەکانیان ئاڕاستەی حکومەت دەکەن.
 
ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، جوتیار‌ێکی سنورەکەیە و وتی: حکومه‌ت هاوکاریمان ناکات، نه‌ تۆ و نە دەرمانی کیمیایى به‌ جوتیار نادات، ده‌بێت هه‌موو که‌لوپه‌له‌کان خۆمان بیکڕین.
 
ئه‌حمه‌د، وتیشى: هه‌موو زه‌حمه‌ت و ماندووبوون له‌سه‌ر شانى جوتیاره‌ که‌چى به‌رپرسان قازانجه‌که‌ى بۆ خۆیان ده‌به‌ن، حکومه‌ت ته‌واوى بڕه‌ گه‌نمى جوتیاران وه‌رناگرێت، بۆیه‌ مه‌جبور ده‌بین له‌ بازاڕى ئازاد هه‌ڕاجى بکه‌ین، وەک چۆن سامانى نه‌وتییان له‌ ده‌ستى خه‌ڵک ده‌رهێنا به‌م جۆره‌ش ده‌یانه‌7وێت سامانى کشتوکاڵ له‌ ده‌ست جوتیاران ده‌ربهێنن.
 
حاجى عه‌زیز، جوتیارێکى دیکه‌ى سنورى پشده‌ره و بە هەمان شێوە ڕەخنەی لە حکومەت گرت و وتی: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ته‌نیا پسوڵه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نمان پێ ده‌دات ئه‌وه‌یش ده‌بێت گه‌نمێکى زۆرت هه‌بێت، جگه‌ له‌مه‌ ئێستا پاره‌ى دوو ساڵمان وه‌رنه‌گرتووه‌، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت کەرتی کشتوکاڵ له‌م وڵاته‌دا هه‌ره‌س ده‌هێنێت.
 
ئەو جوتیارە، وتیشی: زۆرجار کاتێک گه‌نم ڕاده‌ستى سایلۆکان ده‌که‌ین ده‌بێت دوو بۆ سێ ڕۆژ له‌ سه‌ره‌دا بوه‌ستین ئه‌وه‌ش وا ده‌کات، که‌ پاره‌ى زۆرتر بده‌ین به‌ خاوه‌نى بارهه‌ڵگره‌کان.
 
سەبارەت بە گلەیی ئەو جوتیارانە، عه‌بدوڵا ڕه‌سول، ئه‌ندازیار له‌ فەرمانگەی کشتوکاڵى ڕاگه‌یاند: له‌ ساڵانى ڕابردوودا ئێمه‌ به‌ باشى هاوکارى جوتیارانمان کردووه‌، به‌ڵام به‌ هۆکارى شه‌ڕى داعش و قه‌یرانى دارییه‌وه‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ وه‌ک پێویست ناتوانین هاوکارى جوتیاران بکه‌ین.
 
عه‌بدوڵا ڕەسول، سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شکردنى پاره‌ى گەنمی جوتیاران، وتى: بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ به‌غدا ناردوویه‌تى بۆ هه‌رێم له‌ ٣٠% بووه‌ و ته‌واوى پاره‌که‌ى بۆ هه‌رێم نه‌ناردووه‌ ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کى دیکه‌ى بۆ جوتیاران دروستکردووه‌.
 
 
 
rojnews