فیلمی دەرھێنەرێکی کورد لەفێستیڤاڵێکی سینەمایی ئیتاڵیا نیشان دەدرێت

فیلمی (بێدەنگی ئاسمان)ی دەرھێنەری کورد جبرائیل ئەبوبەکر لەفێستیڤاڵێکی سینەمایی نێونەتەوەیی وڵاتی ئیتاڵیا بەشداری دەکاتء کێبرکێی بردنەوەی خەڵات دەکات.
دەرھێنەر جبرائیل ئەبوبەکر لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە وتی “فیلمەکەم لەخولی یانزەھەمینی فێستیڤاڵی سینەمایی روبار بەشداری دەکات کە لەوڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت”.
وتیشی “فێستیڤاڵەکە لەرۆژی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٧ چالاکییەکانی دەستی پێکردوەء ھەتا رۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ بەردەوام دەبێت”.
جەغتیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە “فێستیڤاڵەکە لەشاری بادوفا لەوڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێتء فیلمەکان لەناوەندی روباری ئەو شارەدا نیشان دەدرێت”.
دەرھێنەر جبرائیل ئەبوبەکر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کەلەچەند بەشێکی جیاوازدا فیلمە بەشداربوەکانی فێستیڤاڵەکە نیشان دەدرێت، ئەوانیش فیلمەکانی تایبەت بە “کورتە فیلم، دۆکیۆمێنتەری، ئەنیمەیشن”.
وتیشی “فیلمی (بێدەنگی ئاسمان) لەچوارچێوەی چالاکییەکانی رۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لەفێستیڤاڵەکەدا نیشان دەدرێت”.
فیلمەکە نوێترین بەرھەمی سینەمایی ئەم دەرھێنەرەیە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنی زانکۆی نۆلج بەرھەمھێنراوەء لەئێستادا فیلمەکە لەچەندین فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی وەرگیراوە و بەشداری لەپێشبڕکێ و بردنەوەی خەڵاتدا دەکاتء دواھەمین بەشداریشی لەفێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیرالا لەوڵاتی ھیندستان بو کە لەرۆژانی ١٦ تا ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧، بەڕێوەچو.
(بێدەنگی ئاسمان) کورتە فیلمێکی ئەنیمەیشنەء لەبارەی خەونەکانی مرۆڤە بۆ ئازادیء لەبارەی چیرۆکی فیلمەکەشەوە جبرائیل ئیبراھیم دەڵێت “فیلمەکە باس لەخەونی مرۆڤ دەکات بۆ ئازادی، بەوپێیەی کە ھیچ کەسێک ناتوانێت رێگا لەئازادی بگرێتء بەربەستی بۆ دروست بکات”.
وتیشی “ماوەی فیلمەکە ١٠٠ چرکەیە و بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧-یە”.
جبرائیل ئەبوبەکر رەحمان لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٣ی شاری ھەولێرە، لەساڵی ٢٠٠١ەوە دەستیداوەتە کاری سینەمایی و لەنزیکەی ٤٠ کورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە ١٣ فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی ٢٠١٠ەوە کاری دەرھێنانی سینەمایی دەکات و ھەتا ئێستا چوار کورتە فیلمی بەرھەمھێناوە و نزیکەی ٢٠ خەڵاتی نێوخۆیی و جیھانیشی بەدەستھێناوە.
 
بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی یانزەھەمینی فێستیڤاڵی سینەمایی روبار:
http://riverfilmfestival.org/en/programme-٢٠١٧/