بەھۆی ئازاردان و بێزاركردنی ھاوڵاتیان بە تەقەمەنی و یاریە ئاگرینەكان لە لایەن بەكارھێنەرەكانیەوە، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی رێكاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: لەھەر شوێن و دوكانێكدا تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان بفرۆشرێت خاوەنەكەی دەستگیر دەكرێت و رووبەرووی یاسای دەكەنەوە.
ئیراھیم توفیق بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕێكاری سلێمانی ڕایگەیاند:” بۆدەربڕینی خۆشحاڵیان لەبۆنەكاندا مێرد مناڵان بڕێكی زۆر تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان بەكاردەھێنن كە ئەمەش ھاوڵاتیانی بێزاركردووە ھەروەھا مەترسی تەندروستی زۆری لێ دەكەوێتەوە، لە ئەنجامی بەركەوتنیان بەیاریە ئاگرینەكان ساڵانە ھاوڵاتیەكی زۆر رەوانەی نەخۆشخانەكان دەكرێت”.
هەروەها وتیشی: سكاڵایەكی زۆری ھاوڵاتیانمان بەدەست گەشتووە بۆ كۆنترۆڵكردنی یارییە ئاگرینەكان، لەلایەن بەشەكەمانەوە بڕێكی زۆر تەقەمەنی و یاریە ئاگرینەكان دەستی بەسەردا گیراوە و رەوانەی لایەنی پەیوەندیار دەكرێت بۆ لەناوبردنی.
بەڕێوەبەری پۆلیسی رێكاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان لەھەر شوێن و دوكانێكدا ھەبێت یان بفرۆشرێت دەستی بەسەردا دەگرین و خاوەنەكەی رووبەرووی سزای یاسای دەكەینەوە