وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند: کێڵگەکانی دەتوانن لەسەدا 40ی پێداویستی وڵات پڕدەکەنەوە، دەتوانرێت بەچالاک کردنەوەی کەرتی ماسیش لەرێگەی کەرتی تایبەتەوە داهاتێکی باش بۆ وڵات بەدەست بهێنرێت.
لەدوای ساڵی 2003وە بەهۆی پیسبوونو كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەو ڕووبارەكان و نەبوونی خزمەتگوزاریەکانەوە، سامانی ماسی لە عیراق پاشەكشەی كردووە، بەڵام لەئێستادا لەرێگەی حەوزی بەخێوكردنی ماسیەوە دەتوانرێت لەسەدا 40ی پێداویستی وڵات پڕ بكرێتەوەو وەزارەتی كشتوكاڵیش پلانی هەیە ئەو رێژەیە بۆ لەسەدا 60 بەرز بكاتەوە.
مەهدی زمان قەیس بریکاری وەزەرەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند ”پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لەسەدا 40ی پێداویستیەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە، بەم نزیکانەش ئەم رێژەیە بۆ لەسەدا 60 بەرز دەکەینەوە ئەو بەشەی کە دەمێنێتەوە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت”.
وتیشی؛ ئەزمونی بەخێوکردنی ماسی لەحەوزی داخراودا و بەئاوی شیرین لەهەموو پارێزگاکانی عێراق زیادی کردووە، وەزارەتی کشتوکاڵیش لەرێگای دابینکردنی خۆراک و پێداویستیەکانیانەوە پاڵپشتیان دەکات.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد ”وەزارەتەکەیان ساڵانە پلانی بەکاربردنی هەیە، بڕی بەرهەمی نیشتیمانی لەگەڵ پێداویستیەکانی ناوخۆ هەڵسەنگاندی بۆ دەکرێت لەسەر ئەو بنەمایەش مۆڵەتی هاوردەکردن ئەدات بەبازرگانان تاکو لەدەرەوە هاوردەی بکەن هەروەها بەردەوام بەدواداچون دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لەڕاوکردن بە نایاسایی بکەن جگە لەوەش بەردەوام پارێزگاری لە بەرهەمی نیشتیمانی دەکرێت لەکاتی بڕیاری دان لەسەر هاوردەکردنی ماسی و هەر هەنگاوێکی پیچەوانەش ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماسی”.
سەبارەت بەکارا کردنەوەی کۆمپانیاکانی ڕاوکردنی ماسی لەعێراق ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕوونیکردەوە ”ماوەیەکی زۆرە ئەو کۆمپانیایانە نەماون بەلام پێویستە بۆ دووبارە خستنەوەکاریان حکومەت سوود لەکەرتی تایبەت وەربگرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەو کەرتەدا بکرێت.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن ”بەخێوکردنی ماسی لەحەوزی داخراودا و لەریگەی تەکنەلۆژیایی پێشکەوتووە لەلایەن زۆربەی ولاتانی ناوچەکەوە جێبەجێ دەکرێت بۆ نمونە ( وڵاتانی کەنداو، میسر ، ژاپۆن ، کۆریایی باشور، وڵاتانی ئەوروپا ) حەوزی داخراو بۆ وەبەرهێنانی لەسامانی ماسیدا بەکاردەهێنرێت، عێراقیش بەهۆی بوونی چەندین ڕووبار سەرچاوەی ئاوی ترەوە توانیوێتی چەندین حەوزیی بەخێوکردنی ماسی دروست بکات و بێتە سەرچاوەیەکی تری داهات بۆ پاڵپشتی کردنی بودجەی گشتی وڵات”.