وەزارەتی بازرگانی عیراق، بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی پسوڵەی خۆراك، 100 هەزار تۆن زەیتی خۆراك لە كۆمپانیاكانی ناوخۆ دەكڕێت.
قاسم حەمود بەرێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراك رایگەیاند: لیژنەی گرێبەستەكانی وەزارەتی بازرگانی، بەمەبەستی كڕینی زەیتی خۆراك لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیا نیشتمانیەكاندا كۆبۆتەوەو لەئیستادا لەسەر ئەوە رێككەوتوون ئەو كۆمپانیا ناوخۆییانە زیاتر لە 100 هەزار تۆن زەیت بۆ سەرجەم پارێزگانی عیراق دابین بكەن.
وتیشی: ئەو زەیتەی كە لەلایەن ئەو كۆمپانیا ناوخۆییانەوە دابین دەكرێت بەپێی ئەو مەرجانە دەبێت كە وەزارەتی بازرگانی لەرووی نرخو كوالێتیەوە بۆی دیاریكردوون.
بەرێوەبەری گشتی بازرگانی خۆراك تەئكیدیكردەوە: لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەو زەیتە دەگەیەنرێتە سەرجەم پارێزگاكانو بڕیارە بۆ مانگی ئایندەش لەرێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت.