دەستپێكردنی گەشتی ئاسمانی نێوان سلێمانی و ئانتاڵیا

به‌رەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە یەكەم گەشتی ئاسمانی نێوان هەردوو شاری سلێمانی و ئانتاڵیا لە رێگەی هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین دەستی پێكرد. 

بریكاری سەرەكی هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین لە سلێمانی رۆژگار فەرەج لەو بارەیەوە  راگەیاند: “هەفتانە دوو گەشتی راستەوخۆی نێوان هەردوو شاری ئانتاڵیا و سلێمانی لە رۆژانی سێ‌ شەممە و پێنج شەممە ئەنجام دەدرێن، لە ئێستادا ئەو بلیتانەی بڕاون و داوای گەشتكردنیان كردووە بۆ ئانتاڵیا ژمارەیەكی زۆر داواكارییە و تا كۆتایی مانگی داهاتوو بلیت بڕاوە و هەموو فڕۆكەكانمان پڕبوون”. 

نرخی چون و هاتن لە نێوان هەردوو شارەكەدا بە وەرگرتنی ڤیزاشەوە لە 340 دۆلارەوە دەست پێدەكات، بریكاری هێڵەكەش پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی گەشتەكان و داواكاری هاووڵاتیان بۆ گەشتكردن بۆ ئەنتاڵیا دەكات. 

لە ئێستادا رۆژانە گەشتی نێوان سلێمانی و ئیستانبوڵ هەیە و هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاینیش بە نیازە ژمارەی گەشتەكان زیاتر بكات و فڕۆكەی گەورەتریش دابین دەكات. 

بریكاری توركیش ئێرلاین لە سلێمانی لەو بارەیەوە وتی: “لە ئێستادا رۆژانە یەك گەشتمان هەیە لە نێوان سلێمانی و ئیستانبوڵ، بەمزووانە ژمارەی گەشتەكان دەكرێتە 11 گەشت لە هەفتەیەكدا، هەروەها ئەو فڕۆكانەی ئێستا گەشتەكان ئەنجام دەدەن فڕۆكەی 158 نەفەرییە و دەیكەینە فرۆكەی 250 نەفەری”.