ھۆڵەندا داوا دەکات پەیوەندییە بازرگانی و ئابوریەکان لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی زیادبکرێت و کاری ھاوبەش بکرێت لەنێوان ھەردوولادا.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و یاسین ڕەحم فەرەج جێگری سەرۆک و عوسمان فەتاح و ئازاد عبدلقادر ئەندامانی ئەنجومەنی ژوور پێشوازیانکرد لە كونسوڵی ھۆڵندا لە ھەولێر.
سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند: وڵاتی ھۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەی لەکشتوکاڵدا توانایەکی گەورەی ھەیە پێمانخۆشە بتوانین سود لەو پێشکەوتن و ئەزمونی ئەو وڵاتە وەربگرین و هەوڵبدەین کەرتی کشتوکاڵی لەهەرێمی کوردستان بەهێز بکەین.
ڕاشیگەیاند” شاری سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی لەپیشەسازیدا یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق وە لەئێستاشدا ئێمە ئامارێکی گەورەمان ئامادەکردووە لەشاری سلێمانیدا ھەموو ئەو کارگانەی دامەزرابون لەساڵانی ڕابردوودا ئەمساڵ بەدواداچونمان بۆ کردونەتەوە کە سەرژمێریان بۆ کراوە چەندی بەرھەمی ھەیە و چەندی بەرھەمی نیە”
سەرۆکی ژوور ئەوەشی ڕاگەیاند” ھەرێمی کوردستان پشتی بەنەوت بەستبوو وە لەدوای دابەزینی نرخی نەوت توشی قەیرانێکی گەورەبوو ئێستاش دەمانەوێت پشت بەکەرتی کشتوکاڵی ببەستین و سود کەرتەکانی دیکە وەربگرین بۆ بەدەست ھێنانی داھات”
سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشدا: ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی توانیویەتی بەردەوام ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگەو قوتابیانی بەشە ناوخۆیەکان و ئاوارەکانی سوریا و عێراق بکات، بەردەوام کاری کردووە بۆ ھاوکاری حکومەت لەم قەیرانی دارایەدا.
لای خۆشیەوە جانێت ئەلبێراد کونسوڵی گشتی شانشینی ھۆڵندا لەکۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند: ئێمە بەردەوام ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە لەشەڕی دژی داعش و قەیرانی دارای و ئاوارەکاندا وە ئێستاش پێمان خۆشە لەڕوی بازرگانی و ئابوریەوە ھاوکاری تەواوی کوردستان بکەین.
ڕاشیگەیاند: دەمانەوێت بە پێی پلان لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کاربکەین بۆئەوەی کۆمپانیا ھۆڵندیەکان بێنە کوردستان و کاری بازرگانی و وەبەرھێنان بکەن ئاشنابن بەکاری بازرگانی و وەبەرھێنان لەگەڵ شاری سلێمانیدا.