لەڕۆژانی جەژن هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەم شوێنانەی سلێمانی قەدەغە دەکرێت

ئەمڕۆ 20ی حوزەیرانی 2017، قائیمقامیەتی سلێمانی بەبەشداری یەکە ئیداریەکانی شارەکە کۆبونەوە بۆ دانانی بەرنامەو پلانی ڕۆژانی جەژن، لەئەنجامدا ژمارەیەک ڕێنمایی دەرکران.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاوات محەمەد قائیمقامی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: بڕیارمانداوە بردنی ئۆتۆمبێل بۆسەر قەبرسانەکان لەڕۆژانی جەژن قەدەغە بکرێت، ئەمەش بۆئەوەی نەبنە ھۆی دروستبونی قەرەباڵغی و ڕێگرتن لەھاتووچۆی ھاوڵاتیان.
قائیمقامی سلێمانی ئاشكرایكرد هەندێ جۆر یاریمان قەدەغەکردوە و سەرجەم ھێزە ئەمنیەکانمان ئاگادارکردۆتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنیان.

ئاوات محەمەد وتیشی: لیژنەی گەشتوگوزار، پێشوازی لەگەشتیاران دەکات و ڕێنماییان پێدەدات و ڕێنمایی تایبەت بەکردنەوەی چێشخانەو ڕێستۆرانتەکان دەرکراوەو دەبێت زۆرترین چێشتخانەو میوانخانە بەڕوی گەشتیاراندا بکرێتەوە.
سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیل و بەکرێدانیان لەڕۆژانی جەژندا قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند: لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەکرێدانی ماتۆڕسکێل پێکھێنراوە، لەسبەینێ ٢١ی حوزەیرانەوە دەستبەکاردەبن و لەگەڵ پێشەنگاکانی فرۆشتن و بەکرێدانی ماتۆڕ کۆدەبنەوە.