ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیار لەبارەی بەنزینخانە گەڕۆکەکانەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ڕێنمایی نوێ بۆ ئەو جۆرە بەنزینخانانە دەردەکرێن، سەرۆکی لیژنەی وزەش لەو ئەنجومەنە دەڵێت:”دوای دەرکردنی ڕێنمایی بڕیارێکیش لەبارەی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان دەدرێت”.
د.غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتیەکان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەSNNی ڕاگەیاند، “لەئێستادا بەشێکی زۆر لەبەنزینخانە گەڕۆکەکان کە بەبەنزینخانەی (مۆبیل) ناوی دەبرێت، بەردەوام کاردەکەن بێئەوەی پابەندی ڕێنمایی و نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارکردن ببن”.
وتیشی:”سەرباری ئەوەی مۆڵەتیان نییە، بەڵام سودێکی باشیشیان ھەیە ئەویش ئەوەیە کە نرخی بەنزین ھەرزان دەکەن”.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی ڕونکردنەوە، پێشتر بڕیاردراوە ڕێنماییان بۆ دەربکرێت، بەڵام بەھۆی پرسی پارێزگاری سلێمانیەوە ئەو بابەتە لەئێستادا کاری لەسەرناکرێت، جگەلەوەش ئەگەر ڕێنمایی نوێیان بۆ دەربکرێت، دەبێت یەکەمجار مۆڵەتی کارکردنیان بۆ نوێبکرێتەوە، “چونکە ئەوانەی مۆڵەتیان ھەیە لەساڵی ٢٠١٠وە نوێیان نەکردۆتەوە”.