ژنانی گوند لە شەواندا نانی تیریی دروست دەکەن

ژنانی گوندەکانی بناری قەندیل لەگەڵ دروستکردنی تیریدا، باس لە بەسەرهاتەکانی مانگی ڕەمەزان و کۆ بوونەوەی ژنانی گوند لە دەوری تەنوری ژیان دەکەن.
 
لە مانگی ڕەمەزان-دا، ژیان و کاروباری گوندەکانی باشوری کوردستان بە زەحمەتێکی زۆرترەوە بەڕێوە دەچێت، خەڵکی گوند لەبەر گەرمی کەشوهەوای هاوین و زەحمەتیی ڕۆژە درێژەکانی ڕەمەزان، بە شەوان لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە و بەدەم چیرۆک و قسەی گەورە دایکانەوە، نانی بەربانگ و پارشێو ئامادە دەکەن.
 
پورە فاتم، کە ژنێکی ئێسک سووک و خوێن گەرمە ، لەوپەڕی گوندەوە هاتووە تا لە گەڵ باقی ژنانی گەورەماڵی گوند-دا نانی تیری دروست بکات، ئەو هەروەها باس لە تایبەتمەندییەکانی نانی تیری دەکات و بۆ ڕۆژنیوزی دەگێڕێتەوە، کە چۆن فێری نان کردن بووە”هەر لە تەمەنی ١٠ و ١١ ساڵانەوە لە دایکمەوە فێری نان‌ کردن بووم، و منیش هەوڵمداوە کچەکانم فێربکەم”.
 
پورە فاتم، هەروەها باسی لە تەندرووست بوونی ژیان کرد لە گوند-دا وتی:”بە درێژایی ئەو کاتانەی کە دوورم لە گوند، هەست بە نەخۆشین دەکەم و بەردەوام بە ڕێگەی نەخۆشخانەوەم، بەڵام هەوای پاکی گوند هەرچی نەخۆشییە لە جەستەمی دووردەخاتەوە”.
 
جێگای ئاماژەیە نان کردن کە یەکێک لە کارە بەکۆمەڵەکانی ژنان، هێمایەکی ڕاستەقینەیە بۆ کۆمەڵایەتی بوونی کۆمەڵگای کوردەواریی و کاری هەروەزیی.