لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بڕە پارەیەك ڕەوانەی ئیدارەی گەرمیان دەكرێت، بەرپرسێكی ناوچەكەش ڕایدەگەیەنێت،پارەكە بۆ بەگەڕخستنەوەی 8 پرۆژە تەرخان كراوە، كە بەهۆی نەبوونی پارەوە راگیرابوو.
(یونس ئەحمەد) جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ كاروباری هونەری، بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندوە، بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەم هەفتەیە بڕی ٢٤ ملیار دینار رەوانەی بانكی كوردستان كراوە بۆ تەواوكردنی 8 پرۆژەی راگیراوی سنووری ئیدارەی گەرمیان.
وتیشی،پرۆژەكان بەشی زۆریان رێگەوباننو دەمانەوێت ڕووداوەكانی هاتووچۆ لەم ڕێگەیەوە كەمبكەینەوە، هەربۆیە ئەو پارەیە بۆ ئەم پرۆژانە دابیندەكرێت، كە بریتین لەقۆناغی یەكەمی ڕێگای دووسایدی كەلار- دەربەندیخانو قۆناغەكانی كۆتایی ڕێگای كەلار – رزگاریو ڕێگای پشتێنەی قەزای كەلارو كۆتا قۆناغی رێگای بەدووسایدكردنی سەنتەری ناحیەی باوەنور.
یونس ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەكانی دیكە تایبەتن بەبواری پەروەردەو ڕۆشنبیری و بینای پاسپۆرتی گەرمیان، لەگەڵ قۆناغی دووەمی دەستپێكردنەوەی پرۆژەكان، كە ٩ پرۆژەی خزمەتگوزارین لەكەلارو كفری وخانەقین بەم نزیكانەش رای دەگەیەنین.