عێراق لەرێگەى ئاسمانەوە داهاتێكی زۆرى دەستدەكەوێت


دواى ئەوەى رێكخراوی (ئێف ئەی ئەی) ئەمەریكی رێگەیدا فڕۆكەی مەدەنیی بە ئاسمانیی عیراقدا تێبپەڕێت، رۆژانە عێراق داهاتێكی زۆرى لە رێگەى ئاسمانەکەى و بەهۆى تێپەڕینی فڕۆكە مەدەنییەكاندا دەستدەكەوێت. 

ئێستا كە پێگە و دەسەڵاتی رێكخراوی داعش لە عێراق بەرەو نەمان دەچێت، بەپێی چەند سەرچاوەیەك رۆژانە (58) فڕۆكەی مەدەنیی بەسەر ئاسمانیی عیراقدا تێدەپەڕن، بۆ هەر فڕۆكەیەكیش حكومەتی عیراق (375) دۆلار وەردەگرێت. 

هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە لە ماوەی (42) رۆژدا دو هەزار و  (450) فڕۆكەی مەدەنیی بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون، حكومەت عیراقیش لە بەرامبەردا (919) هەزار دۆلاری وەرگرتوە. 

هاوكات لەگەڵ قەیران و ئاڵۆزیی لە پەیوەندیەكانی نێوان سعودیە و ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ قەتەر، رۆژانە (10) فڕۆكەی قەتەریی بەسەر ئاسمانیی عیراقدا تێدەپەڕن بەرەو وڵاتانی ناوچەكە.  

لە ساڵی (2014)دا رێكخراوی (ئێف ئەی ئەی) ئەمةریكی بەهۆی هاتنی داعش بۆ عیراق و نا سەقامگیریی باری ئەمنیی، گەشتی فڕۆكەی مەدەنیی بەسەر ئاسمانیی عێراقدا راگرت.