كۆمپانیایەكی نەوتی ئیسپانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڕیاری راگرتنی كارەكانیدا


كۆمپانیای نەوتی ئیسپانی ( REPSOL) دوای 5 ساڵ لەگەڕان‌و پەرپێدان لەسێكتەری نەوت لەهەرێمی كوردستان‌و سنووری پارێزگای سلێمانی بڕیاری راگرتنی كارەكانیداوەو لەخۆ ئامادەكردندان بۆ جێهێشتنی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكان، كە ئاژانسی وزەنیوز بڵاویكردووەتەوە، كۆمپانیای ریپسۆل لەخۆئامادەكردندایە بۆ فرۆشتنی پشكی كێڵگە نەوتییەكانی، كە دەكەوێتە سنووری پارێزگای  سلێمانی.

سەرچاوەیەك لەكۆمپانیای ریپسۆلی ئیسپانی لەو بارەوە رایگەیاندووە “لەئێستادا كۆمپانیای ریپسۆل لەسەروبەندی راگرتنی كارەكانیدایە لەكوردستان بەو هۆیەشەوە رێژەی كارمەندەكانی لە 25 كارمەندەوە  دابەزاندووە بۆ 3 كارمەند”.

لەماوەی ئەمساڵ ئەمە سێیەم كۆمپانیایە دوای KNOC كۆری‌و وێسترن زاگرۆس، كە  كارەكانیان لەسنووری پارێزگای سلێمانی رادەگرن‌و بڕیاری  فرۆشتنی پشكەكانیان دەدەن‌و كوردستان جێدەهێڵن.

كۆمپانیای  ریپسۆڵی ئیسپانی  وەبەرهێنان لە 2 كێڵگەی نەوتی لەسنووری گەرمیان لەپارێزگای سلێمانیدا دەكات،   لە هەردوو كێڵگەی نەوتی تۆپخانە بەخاوەندارییەتی 60% پشكەكان‌و لەكێڵگەی كوردەمیریش بە رێژەی 40% پشكەكان  وەبەهێنان دەكات .