فیلمی (بێدەنگی ئاسمان)ی دەرھێنەری کورد جبرائیل ئەبوبەکر لەفێستیڤاڵێکی سینەمایی نێونەتەوەیی بەشداری دەکاتء کێبرکێی بردنەوەی خەڵات دەکات.
دەرھێنەر جبرائیل ئەبوبەکر لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە وتی “فیلمەکەم لەفێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کیرالا لەوڵاتی ھیندستان بەشداری دەکات”.
وتیشی “فێستیڤاڵەکە لەرۆژی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٧ چالاکییەکانی دەستی پێکردوەء ھەتا رۆژی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ بەردەوام دەبێت”.
دەرھێنەری فیلمی (بێدەنگی ئاسمان) ئاماژە بەوە دەکات کە” فێستیڤاڵەکە لەسیرۆفانانسابورام لەویلایەتی کیرالا لەوڵاتی ھیندستان ئەنجام دەدرێت”.
وتیشی “ئەمساڵ خولی دەیەمی فێستیڤاڵەکەیەء فێستیڤاڵەکەش تایبەتە بەفیلمی دۆکیۆمێنتەریء کورتە فیلم”.
فیلمەکە نوێترین بەرھەمی سینەمایی ئەم دەرھێنەرەیە و بەسپۆنسەری عەباس فازڵ عەبدولرەحمان خاوەنی زانکۆی نۆلج بەرھەمھێنراوەء لەئێستادا فیلمەکە لەچەندین فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی وەرگیراوە و بەشداری لەپێشبڕکێ و بردنەوەی خەڵاتدا دەکاتء دواھەمین بەشداریشی لەفێستیڤاڵی ئاشاریا تولسی بۆ کورتە فیلم بو کە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ لەوڵاتی ھیندستان، ئەنجامدرا.
(بێدەنگی ئاسمان) کورتە فیلمێکی ئەنیمەیشنەء لەبارەی خەونەکانی مرۆڤە بۆ ئازادیء لەبارەی چیرۆکی فیلمەکەشەوە جبرائیل ئیبراھیم دەڵێت “فیلمەکە باس لەخەونی مرۆڤ دەکات بۆ ئازادی، بەوپێیەی کە ھیچ کەسێک ناتوانێت رێگا لەئازادی بگرێتء بەربەستی بۆ دروست بکات”.
وتیشی “ماوەی فیلمەکە ١٠٠ چرکەیە و بەرھەمی ساڵی ٢٠١٧-یە”.
جبرائیل ئەبوبەکر رەحمان لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٣ی شاری ھەولێرە، لەساڵی ٢٠٠١ەوە دەستیداوەتە کاری سینەمایی و لەنزیکەی ٤٠ کورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە ١٣ فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی ٢٠١٠ەوە کاری دەرھێنانی سینەمایی دەکات و ھەتا ئێستا چوار کورتە فیلمی بەرھەمھێناوە و نزیکەی ٢٠ خەڵاتی نێوخۆیی و جیھانیشی بەدەستھێناوە.