هاوڵاتیانی شارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەڵێن، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە توانای کڕینی پێداویستییەکانیان کەم بووەتەوە و بووەتەوە، دوکاندارێکیش دەڵێت:”لەچاو ساڵانی ڕابردوودا ٥٠% فرۆشمان کەم بووەتەوە”.
قەیرانی دارایی ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەریی زیاتر لەسەر ڕەوشی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دادەنێت.
ئەحمەد شەوکەت، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی کەلارە و لەو بارەیەوە وتی:”قەیرانی دارایی زۆر کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان هەیە، زۆربەی ئەو هاوڵاتییانەی کە دێنە بازاڕ بۆ سەیرکردن دێن و بەهۆی بەرەجەژنانەوە هەندێک وردەشت دەکڕن”.
ئەو هاوڵاتییە، پێشیوایە، کە بەهۆی ئەو قەیرانەوە ئەمساڵ بە پێشوازییەکی گەرم پێشوازیی لە جەژن ناکرێت.
هەروەها، گەنجێک بەناوی دیاکۆ مەحمود، کە بۆ کڕینی جلوبەرگ ڕووی لە بازاڕی کەلار کردبوو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە زۆربەی ئەو گەنجانەی شەوانە دێنە بازاڕ، تەنها بۆ بەسەربردنی کات دێن و توانای کڕینی پێداویستییەکانیان نییە.
هەر لەوبارەیەوە دوکاندارێک لەهەمان شارۆچکە بەناوی فاروق ئەحمەد، وتی:”ئەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو بازاڕمان زۆر کەمە، بارودۆخی سیاسی باشوری کوردستان کاریگەری لەسەر بازاڕ دروستکردووە، حزبەکان لەنێوانی خۆیاندا ڕێک ناکەون، کێشە بۆ خەڵک دروست دەکەن خەڵک دڵی خۆش نییە”.
فاروق ئەحمەد وتیشی:”بازاڕمان لەچاو ساڵانی ڕابردوودا %٥٠ زیاتر کەمیکردووە، ساڵانی تر بە شەو و بەڕۆژ بازاڕمان باش بووە، بەڵام ئێستا خەڵک تەنها کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێر دێنە بازاڕ و ژمارەیەکی کەمیشیان شت دەکڕن”.