لە ئێران نرخی خۆراك بە رێژەی 22% گرانتر بوو


دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە ئێران لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك بووە و بەرپرسێكی ئێرانیش ئاشكرای دەكات، راگەیاندنی رێژەی هەڵاوسان لەگەڵ واقیعی بازاڕ ناگونجێت.

بە گوێرەی راپۆرتی بانكی ناوەندیی ئێران نرخی جۆرەكانی خۆراك لە ٧ تا ٥٢% بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو زیادی كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، میوە بە رێژەی ٥٢.٧% نرخەكەی بەرز بووەتەوە و نرخی سەوزەش بە رێژەی ٣٥% زیادی كردووە.

هەر لەو ماوەیەدا نرخی بەرهەمەكانی شیر بە رێژەی ٧.٢%، هێلكە سەرووی ٢٢%، برنج سەرووی ٢١%، دانەویڵە سەرووی ٢٢%، گۆشتی سوور سەرووی ١٧%. گۆشتی مریشك سەرووی ١٢%، قەند و شەكر سەرووی ١٣%، چای سەرووی ٢٠% و رۆنیش سەرووی ٨% نرخەكەی بەرز  بووەتەوە.

بانكی ناوەندی بەرزبوونەوەی ٢٢% لە نرخی خۆراكی پەسند كردووە، لەكاتێكدا موچەی فەرمانبەران زیادی نەكردووە.

موحسین بەهرامی رێكخەری دامەزراوی چاودێری بازاڕ باسی لەوە كردووە كە رێژەی هەڵاوسان لەگەڵ واقیعی بازاڕ ناگونجێت و هەندێك خۆراك حەوت هێندە نرخیان گرانتر بووە.

هەروەها باسی لەوە كردووە نرخی گەنم لە ٣٦٠ تمەنەوە بەرەو هەزار و ٣٠٠ تمەن زیادی كردووە، ئەمەش هۆكار بووە لەوەی نرخی نان و هەندێك لەو خۆراكانەی لە ئارد دروست دەكرێن گران بن.