بە هۆی رێگری كردن لە بڵاو بوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا و لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان لە ئێستەدا 30 دەسك سەوزە بووە بە هەزار دینار و ئەو كارەش جووتییارانی نیگەران كردووە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 15ی حوزەیران، سەید سەردار كە جووتییارە لە یەکێک لە گوندەکان راگەیاند، ئەمڕۆ كاتێك سەوزەمان بۆ عەلوەی سەوزە و میوە فرۆشان برد چەندین تیمی تەندروستی سەردانیان كردین و سەیریان كرد كە دەبێت بزانن ئەو سەوزەیە بە چ ئاوێك ئاو دراوە.
زیاتر وتی، بە هۆی چەند بڕیارێكی وەزارەتی تەندروستی كەس ئامادە نەبوو سەوزەكان بكڕێت، بۆیە 30 دەسكە سەوزەمان بە هەزار دینار فرۆشتەوە لە كاتێك رۆژانی پێشوو هەر ئەم سەوزەیەمان 13 دەسك بە هەزار دیناری دەفرۆشت.
لەبارەی هۆكاری هەرزان بوونی سەوزە ئەو جووتییارە وتی، دەڵێن سەوزە بە ئاوی پیس چێندراو نەخۆشی كۆلێرا دروست دەكات و دەبێتە هۆی تێكدانی تەندروستی هاووڵاتییان، بەڵام پێویستە لە شوێنی چاندن چاودێری بكرێت نەك لە بازاڕی كڕین و فرۆشتن.
لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی چەندان رێنوێنی بڵاو كردەوە بۆ رێگری كردن لە نەخۆشی كۆلێرا و كەم كردنەوەی كڕین و فرۆشتنیش بە سەزوە یەكێك بوو لە ڕێنوێنیەكان.