فەرمانگەیەکى حکومەت: بە كۆمەك و هاوكاریی دەژین

قەیرانی دارایی بوەتە هەڕەشە بۆسەر بەشێك لە فەرمانگەكان و بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی دەڵێت: “ئەگەر هاوكاریی و پاڵپشتی خێرخوازان نەبێت، ناتوانین بەردەوام بین”.

تادێت كاریگەرییەكانی قەیرانی دارایی زیاتر رەنگدانەوەی لەسەر هاوڵاتیان و دامودەزگا و یەكە ئیدارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت، خانەی نەوجەوانانی سلێمانی یەكێكە لەو شوێنانەی كە قەیرانی دارایی بوەتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەری و وەك سەرنج سەعید، بەڕێوەبەری خانەكە باسى دەکات ەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن وەك پێویست ئەركەكانیان لە ناو خانەكانی نەوجەواناندا راپەڕێنن و دەڵێت: “بەپشت بەستن بە كۆمەك و هاوكاریی خێرخوازان و سەرمایەدارانی سلێمانی خانەكەیان بەڕێوەدەبەین و ئەوە نەبێت ناتوانین بەردەوام بین”.

ئەگەرچی حكومەتی هەرێم ساڵ بە ساڵ و رۆژ لە دوای رۆژ گرێبەست و قەرزی زەبەلاح و گەورە لە سایەی نەوت و سامانی ئەم هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی بیانی وەردەگرێت، بەڵام نە پارەی گرێبەستەكان و نە قەرزەكانی حكومەتیش ناچێتە خزمەتی هاوڵاتیان و چارەسەركردنی قەیرانەكان، توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش دەڵێت: “بەردەوامبونی قەیرانی دارایی مەترسییەكی گەورەیە لەسەر چۆڵكردنی خانەی نەوجەوانان”. 

لە پارێزگای سلێمانی سێ‌ خانەی نەوجەوانان هەن و زیاتر لە (50) منداڵی بێ سەرپەرشتیان تێدان، مانگانەش هەر منداڵێك پێویستی بە زیاتر لە دو ملیۆن دینارە كە كۆی گشتی دەكاتە (100) ملیۆن دینار، لە كاتێكدا پارێزگاری پێشوی سلێمانی سەردار قادر لە كۆتا كۆنگرەی رۆژنامەوانی خۆیدا رایگەیاند؛ بودجەی مانگانەی پارێزگای سلێمانی تەنیا (10) ملیۆن دینارە.