چۆن بتوانین سوود لە کاتەکانمان وەربگرین و کات بە فیڕۆنەدەین؟

کۆمەڵێك ڕێنمایی بۆ سوودوەرگرتن لە کاتەکان و ئەنجامدانی ئەرك و کاری ڕۆژانە بە باشترین شێوە بەبێ کات بە فیڕۆدان ، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە کاتەکانتان ڕێکبخەن.

ڕێنماییەکان:

١. کاتەکانت ڕێکبخە و هەندێك کاری تایبەتی و لاوەکی لە کاتێکدا مەکە کە دەبێت کارەکانتی تیادا ئەنجام بدەیت و کاتی زۆر بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیادا بەسەر مەبە.

٢. گەر کارێکی گرنگ یاخود کۆبوونەوەیەکی گرنگت هەبوو ئەوا تەواوی گرنگی پێبدە و مۆبایلەکەت بکوژێنەرەوە و پێوەی سەرقاڵ مەبە.

٣. هەموو بەیانیەك خشتەی ئەو کارانە دابنێ کە دەتەوێت لە ڕۆژدا ئەنجامیان بدەیت.

٤. گەر کاتت کەم بوو  و کارت هەبوو، هەموو ئەو پێشنیازانە ڕەت بکەرەوە کە بۆت دەکرێن، گەر سەبارەت بە چوونە دەرەوەیەك بێت یان قاوە خواردنەوەیەك و هەرشتێکی دیکە.

٥. کاتێك نامەیەکی ئەلیکترۆنی گرنگت بۆ دێت لە کاتی خۆیدا و بە پێی پێویست وەڵامی بدەرەوە، چونکە دواخستنی هۆکارێکە بۆ کەڵەکەبوونی ئەو کارانەی کە بە ڕێگای ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێن.

٦. دوور بکەوەرەوە لەو کەسانەی کە وزەی نەرێنی بڵاودەکەنەوە و بەردەوام ڕەخنە لە هەموو شتێك دەگرن، چونکە ئەوە وادەکات خاو ببیتەوە و پەرۆشیت بۆ کارەکانت نەمێنێت.

٧. گەر ئەرکێکت پێدرا ، دوای مەخە ، هەرچەندە بێزارکەربێت ، بەڵکو لە سەرەتادا ئەنجامی بدە، بۆ ئەوەی بتوانی بە بیرو هۆشێکی سافەوە پلان بۆ ئەنجامدانی کارەکانی ترت بە باشترین شێوە دابنێیت.

٨. بەیانیان پێش چوونت بۆ سەر کارەکەت گەر بۆ ماوەی چەند خولەكێكیش بێت وەرزش بکە بۆ چالاكبیت بە درێژایی ڕۆژەکەت.