عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەوەرگرتنی گەنمی جووتیاراندا حكومەتی ناوەندی غەدرێكی زۆری لێكردوون، ئەو بابەتەش بەسیاسی كراوە بۆئەوەی كەمترین رێژەی گەنمی جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت.
وتیشی: تێكڕای بەرهەمی ساڵانی 2009 تا 2013 كراوەتە پێوەر بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، بەوەش جارێكی تر رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كەمكراوەتەوەو هەر بەپێی ئەو پێوەرەی بەغدا دایناوە غەدرێكی زۆر لەپارێزگای سلێمانی كراوە.
پێشتریش ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستانو نوێنەرانی كورد لەبەغدا ئاشكرایانكرد، كە بەغدا بڕیاریداوە بۆ ئەمساڵ نزیكەی 443 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگرێت، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لەو بڕە گەنمە ڕێژەیەكی زۆر كەمی بۆ پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە تەرخانكردوەو پشكی شێری بۆ هەولێرو دهۆك داناوە.