تا دێت بانكه ئه‌هلییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له گه‌شه‌كردندان و بانكه حكوومییەكان له پاشه‌كشه‌دان، په‌رله‌مانتارێكى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت: ״حكوومه‌تى هه‌رێم نزیکەی دوو ملیار دۆلاری هاووڵاتییانى له بانكه حكوومییه‌كان بۆ مووچه بردووه و حكوومه‌ت خۆى ده‌ستى هه‌بووه له نه‌مانى ئه‌و متمانه‌یه‌دا، سه‌رۆكى سه‌نته‌رى زانیارى و لێكۆڵینه‌وه له ئه‌نجوەمه‌نى وه‌زیران ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، حكوومه‌تى هه‌رێم داهاته‌كانى زیادى كردووه و له ئێستادا بڕیار دراوه پاره‌ى هاووڵاتییان بداته‌وه.
له سه‌ره‌تاى ساڵى 2014 قه‌یرانى دارایی هه‌رێمى كوردستانى گرته‌وه، حكوومه‌تى هه‌رێمیش وه‌ك ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك ئاماژه‌یان بۆ كردووه، به ناچارى ده‌ستیان بردووه بۆ پاره‌ى هاووڵاتییان له بانكه حكوومییه‌كاندا، بۆ دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به هۆى بڕینى پشكى بودجه‌ى هه‌رێم له لایه‌ن عێراقه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌موو ئه‌و پارانه‌ى هاووڵاتییانى نه‌گه‌ڕاندووەته‌وه.
سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگەیاند: ״بانكى حكوومى له هه‌رێمى كوردستان سیستمى كاركردنه‌كه‌ى سیستمێكى زۆر دواكه‌وتووه و به‌ناو سیستمه، بۆیه بانكه حكوومییه‌كان متمانه‌یان نه‌ماوه لاى هاووڵاتییان و حكوومه‌ت خۆى هۆكار بووه نه‌بن به بانكێك جێى متمانه بن״.
ناوبراو باسى له‌وه‌ش كرد، بانكه حكوومییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان 80 بانكن و نزیکەی دوو ملیار دۆلاری هاووڵاتییانیان له‌لا بوو؛ حكوومه‌ت به‌كارى هێنا بۆ خه‌رجیى به‌كاربردن و پێدانى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، بۆیه متمانه‌یان لاى هاووڵاتییان نەماوە.
سۆران ده‌ڵێت: ״نزیكه‌ى حه‌وت تریلیۆن دینارى تر‌ى بانكه بازرگانى و بانكه ئه‌هلییه‌كانیش له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ هه‌مان مه‌به‌ستى پێدانى مووچه حكوومه‌ت بردوویه‌تى و ورده‌ورده مانگانه ئه‌و قه‌رزانه ده‌داته‌وه كه له ساڵى 2014وە حكوومه‌ت به‌كاری هێناوه״.
سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، بانكه ئه‌هلییه‌كان پاره ده‌ده‌ن به هاووڵاتییان به قه‌رز، بۆیه هاووڵاتییان زیاتر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن وه‌ك له بانكه حكوومییه‌كان.
عیزه‌ت سابیر، سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگەیاند: ״حكوومه‌تى هه‌رێم سه‌رجه‌م پاشه‌كه‌وتى هاووڵاتییان و پاره‌ى هاووڵاتییان له بانكه حكوومییه‌كان و پاره‌ى بانكه بازرگانی و ئه‌هلییه‌كانى له كۆتایى ساڵى ٢٠١٤دا ده‌ركرد، كه نزیكه‌ى 10 ملیار دۆلارە و به قه‌ولى خۆى كردوویه‌تى به خه‌رجیى به‌كاربردن و پێدانى مووچه، به‌ڵام ئێستا هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ده‌درێته‌وه و ئه‌گه‌ر كه‌سێك 100 ملیۆن دینارى له بانكه حكوومییەکان دانابێت هه‌فتانه مه‌بله‌غێكى كه‌مى وه‌رده‌گرێته‌وه״.
ناوبراو هۆكارى زۆربوونى بانكه ئه‌هلییه‌كان بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه پاره ده‌ده‌ن به هاووڵاتییان به بڕى جیاواز و بانك هه‌یه 10 ملیۆن دینار ده‌دات به هاووڵاتییان بۆ كڕینى ئۆتۆمبێل و پڕۆژه‌ى ئه‌و هاووڵاتییه، له به‌رانبه‌ردا خه‌واندنى موڵكێك وه‌ك زه‌مان تا گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاره‌كه‌ى ״ئه‌مه بووەته هۆى ئه‌وه‌ى كه هاووڵاتییان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ماناى ئه‌وه نییه كه بانكه ئه‌هلییه‌كان زۆر باشترن له بانكه حكوومییه‌كان״.
ئاراس خۆشناو سه‌رۆكى سه‌نته‌رى زانیارى و لێکۆڵینه‌وه له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ئه‌وه‌ى خسته ڕوو حكوومه‌تى هه‌رێم داهاته‌كانى زیادى كردووه و له ئێستادا بڕیار دراوه پاره‌ى هاووڵاتییان بداته‌وه.
وتیشى: ״حكوومه‌تى هه‌رێم بڕیاری داوه ئه‌و پارانه‌ى له بانكه حكوومییه‌كان ده‌ری كردووه و خه‌رجى كردووه بۆ پێدانى مووچه، بۆ له‌مه‌ودوا له داهاته‌كان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ئه‌و قه‌رزانه ده‌داته‌وه به هاووڵاتییان، نه‌ك تەنیا پاره‌ى بانكه حكوومییه‌كان؛ پاره‌ى بانكه ئه‌هلى و بازرگانییه‌كانیش ده‌داته‌وه، به بڕى جیاواز و به پێى تواناى دارایى حكوومه‌ت ئیشه‌ڵا هه‌مووى ده‌درێته‌وه״.
خالید حه‌یده‌ر، مامۆستاى زانكۆى سلێمانى له لێدوانێكدا ئاماژه به‌وه ده‌دات كه دواى ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم تووشى قه‌یرانى دارایى بووه پاره‌ى له بانكه‌كان برد بۆ ئه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كانى خۆى دابین بكات: ״به‌شێك له‌و پارانه هیى هاووڵاتییان بووه له بانكه‌كان ده‌ركران، ئه‌مه‌ش واى كرد كه هاووڵاتییان متمانه‌یان به بانكه‌كان نه‌مێنێت و پاره له ماڵه‌وه دابنێن״.
ناوبراو پێی وا بوو، ئه‌گه‌ر سیستمى بانكه ئه‌هلییه‌كان سیستمێكى گونجاو بێت، ڕه‌نگه هاووڵاتییان په‌نا بۆ ئه‌و بانكانه ببه‌ن بۆ هه‌ڵگرتنى پاره‌كانیان، به‌ڵام هێشتا به ته‌واوى سیستمى بانكى له هه‌رێمى كوردستاندا بوونى نییه.
وتیشى: ״حكوومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت له ڕێگه‌ى به‌ستنه‌وه‌ى بانكه حكوومییه‌كان به یه‌كتره‌وە و حساب بانكى بۆ هه‌موو فه‌رمانبه‌ران جارێكى تر متمانه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ بانكه‌كان، چونكه بانك یه‌كێكه له كۆڵه‌كه ئه‌ساسییه‌كانى ئابوورى״.
ئاژانس