گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی کە لە بواری ئابوورییدا کاردەکات، ناوی ئەو ١٠٠ کەسایەتییە ناودارەی ئاشکراکرد کە لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا زۆرترین داهاتیان بەدەستهێناوە.
لەو لیستەدا کە گۆڤاری فۆربس هەموو ساڵێک ئامادەی دەکات، میوزیسیەنی راپ، پرۆدیوسەر و ئەکتەری ئەمریکی کە بە نازناوی ”دیدی” ناسراوە، لەنێوان ماوەی حوزەیرانی ٢٠١٧ تا حوزەیرانی ٢٠١٧دا بە بەدەستهێنانی ١٣٠ ملیۆن دۆلار، لە پلەی یەکەمدا دێت.
هەر لەو ماوەیەدا میوزیسیەن و ئەکتەری ئەمریکی، بیۆنسێ، بە بەدەستهێنانی ١٠٥ ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەمی لیستەکەدا دێت. نووسەری زنجیرە کتێبی هاری پۆتەر، جەی کەی راوڵینگ، بە ٩٥ ملیۆن دۆلارەوە پلەی سێهەمی گرت.
هاوکات گۆرانیبێژی کەنەدی، درەیک، بە بەدەستهێنانی ٩٤ ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەمدایە و یاریزانی پرتوگالی یانەی ریاڵ مەدرید، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە پلەی پێنجەمدایە و ٩٣ ملیۆن دیناری بەدەستهێناوە.
ئاماژە بەوەشکراوە زیاتر لە سێیەکی ئەو ١٠٠ کەسەی ناویان لە لیستەکەدایە، لە ئەمریکان و لەسەدا ٢٠یان لە ئەورووپا و لەسەدا ٥یان لە کیشوەری ئاسیان.
گۆڤاری فۆربس باسی لەوەشکردووە کۆی گشتی ئەو داهاتەی ئەو ١٠٠ کەسایەتییە لەماوەی ئەو ساڵەدا بەدەستیان هێناوە، نزیکەی ٥ ملیار و ١٥٠ ملیۆن دۆلار بووە.