غالی حسێن پیاوێكی تەمەن 43 ساڵانی دانیشتوی گوندی ئاوەخوێڕی نزیك قەزای كەلارە لە ناوچەی گەرمیان ( 140 كیلۆمەتر باكووری رۆژئاوای سلێمانی)، ئەو لە گوندەكەیاندا كاری ئاژەڵداری دەكات و خولیای سەرەكی بەخێوكردن و ماڵی كردنی ئاژەڵی كێوییە.
ئەو ماوەی نۆ ساڵە كۆمەڵێك بزن و مەڕی كێوی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و ناوخۆ هێناوەتە گوندەكەی و سەرقاڵی بەخێوكردن و ماڵی كردنی ئەو ئاژەڵانەیە.
گوندەكەی غالی دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی سلێمانی ـ كەلار ، زۆرجار ئاژەڵە كێوییەكانیشی لە نزیك ئەو رێگا سەرەكییەوە دەلەوەڕێنێت و رێبواران و ئەو كەسانەی لەوێوە تێپەڕ دەبن سەرسام دەكات و رۆژانە دەیان كەس بۆ بینین و وێنەگرتنی ئاژەڵەكان لەو گوندەدا دەوەستن.
غالی لە بارەی ئاژەڵەكانییەوە وتی: “خۆم كاری ئاژەڵداری دەكەم و خولیای سەرەكیم هەر لە سەرەتاوە بەخێوكردن و هێنانی ئاژەڵی كێوی بووە، ماوەی نۆ ساڵە ئەو ئاژەڵانەم هێناوە و سەرقاڵی بەخێوكردن و ماڵیكردنیانم”.
ئەو دەڵێت “هەموو كەسێك هیوایەت و خولیایەكی خۆی هەیە، خولیای منیش لە منداڵییەوە هاوڕێیەتی ئاژەڵەكان بووە بە تایبەت ئاژەڵە كێوییەكان، هەروەها ئامانجم پاراستنی ئەم جۆرە ئاژەڵانەیە لە لەناوچوون”.
ئێستا ژمارەی بزن و مەڕە كێوییەكانی غالی 40 سەر مەڕ و بزنە، وەك خۆی دەڵێت پێش هەشت ساڵ مەڕەكانی لە رووسیا جووتی بە هەشت هەزار و 500 دۆلار و بزنەكانیشی لە شاخی بەمۆ (نزیك قەزای دەربەندیخان سەر بە پارێزگای سلێمانی) كڕیوە و جووتی چوار هەزار و 500 دۆلاری پێداون.
سەبارەت بە سەختی و زەحمەتی بەخێوكردن و ماڵی كردنی ئاژەڵی كێوی، غالی حەسەن باس لە زەحمەت و گرانی كارەكەی دەكات و دەڵێت “ئەو كارەی من دەیكەم زۆر زەحمەتە، ماڵی كردن و بەخێوكردنی ئەم ئاژەڵانە و راهێنانیان لەگەڵ دۆخ و ژینگەی ئێرە زۆر گران و زەحمەتە، بە تایبەت بێچووەكانیان زۆر ناسكن و پێویستیان بە پاراستن و چاودێری بەردەوام هەیە لە سەرما و گەرما و بۆنی عەتر كە بەو هۆیەوە تائێستا دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی ئێستا ماون لەناوچوون و زیانی زۆرم كردووە تیایدا”.
لە سنووری گەرمیاندا ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵی كێوی هەیە، لایەنە بەرپرسەكان و پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگەی ناوچەكەش بەردەوام چاودێری ئەو ئاژەڵانە دەكات و ئەو كەسانەی راوی ئەو ئاژەڵانە دەكەن رووبەڕووی سزا و گرتن دەبنەوە.