وەستانی
گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی قەتەری بۆ هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات، جموجۆڵی هێڵەکانی
دیکەی گەرمکردووە، پێشتر لە فڕۆکەخانەکانی
هەرێمی کوردستان و عێراق هەفتانە نزیکەی 60 گەشتی ئاسمانی بە فڕۆکەی قەتەری بۆ وڵاتانی
سعودیە و ئیمارات ئەنجام دەدران، بەڵام ئێستا گەشتەکان لەڕێگەی هەردوو هێڵی ئاسمانی
عێراقی و ئیمارات دەکرێت.
رێبوار محەممەد،
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانییە و رۆژانە 83 گەشتیاری بۆ سعودیە و،
33 گەشتیاری بۆ ئیمارات لەڕێگەی فڕۆکەی قەتەری بەڕێدەکرد، بەڵام بەهۆی کێشەکانی کەنداو
فڕۆکە قەتەرییەکان ناتوانن گەشت بکەن، بۆیە هەرچەندە ئێستا گەشتەکان بەردەوامن، بەڵام
فڕۆکەکان گۆڕاون و گەشتیاران لەڕێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقی و ئیماراتییەوە گەشت دەکەن.
رێبوار دەڵێ
“گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی قەتەری هەفتانە لە هەولێر 11 گەشت و لە سلێمانی حەوت
گەشت بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک و لەکاتی خۆیاندا ئەنجامدەدرێن، بەڵام ئەو گەشتیارانەی
لەڕێگەی هێڵی قەتەری بۆ هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات گەشتیان دەکرد، ئێستا ناتوانن
بەو هێڵە گەشت بکەن“.
ساڵی 2016 هێڵی ئاسمانی
قەتەری لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، زیاتر لە 42 هەزار گەشتیاری
بۆ هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیمارات گواستوونەتەوە، ئەگەر گەمارۆکانی چەند وڵاتێکی کەنداو
لەسەر قەتەر بەردەوام بن، گەشتەکانی ئەو هێڵە ئاسمانییە لە 2017 بۆ نزیکەی نیو هێندە
کەمدەکەن.
لە فڕۆکەخانەکانی
هەرێمی کوردستان و عێراق هەفتانە نزیکەی 60 گەشتی ئاسمانی چوون و هاتن بە فڕۆکەی قەتەری
بۆ وڵاتانی سعودیە و ئیمارات ئەنجامدەدران لە: هەرێمی کوردستان 18، لە بەغدا 14، نەجەف
21 و لە بەسرەوەش حەوت گەشت دەکران.
5-6-2017 هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، بەحرەین،
میسر و چەند وڵاتێکی دیکە سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ قەتەردا
پچڕاند و، رێگای وشکانی، ئاوی و ئاسمانییەکانیان بەڕووی ئەو وڵاتە داخست، ئەمەش کاریگەری
لەسەر ئابووری قەتەر دروستکردووە.