حکومەتی هەرێم 501 ملیۆن دینار‌ بۆ ئاودانی بۆ باخچەو پاركەكانی سلێمانی دابین دەكات‌


وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابوری‌ حكومەتی هەرێم بڕی‌ 501 ملیۆن دیناری‌ بۆ دابینكردنی‌ خەرجی تانكەری‌ ئاو بۆ باخچە و پاركەكانی‌ سلێمانی‌ دابین دەكات.
 
لەوبارەیەشەوە كامەران حەمەساڵح، بەڕێوەبەری‌ باخچەكانی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند: وەزارەتی‌ دارایی‌ بڕی‌ 501 ملیۆن دیناریان بۆ ئاودانی‌ باخچە و پاركەكان دابینكردووە و كە بەشی‌ باخچەكانی‌ راپەڕین و بەكرەجۆ و بلوارەكانی‌ تاسڵوجە- سلێمانی‌ و شەقامی‌ بازنەیی‌ مەلیك مەحمودیشی‌ تێدایە. 

وتیشی: چەند رۆژێكە تەندەرەكانیان رەوانەی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كردووە بۆ راگەیاندنی‌ پڕۆژەكە بۆ ئەو كەسانەی‌ دەیانەوێت بیكەن، دواتر دەست بە ئاودانی‌ باخچە و پاركەكان دەكرێت، بە دابینكردنی‌ ئەو پارەیەش كێشەی‌ ئاودانی‌ باخچە و پاركەكان نەماوە. 

هاوكات بەپێی‌ ئاماری‌ باخچەكانی‌ سلێمانی‌  536 باخچە و 385 بلوار لە سنوری‌ شارەوانی‌ سلێمانیدا بونیان‌ هەیە كە ملیۆنێك و 500 هەزار داریان لەخۆگرتووەو بەڕێوەبەرایەتی‌ باخچەكانیش بۆ ئاودانیان بەرێژەی سەدا (70)  پشت بە تانكەر دەبەستێت.