نرخی ئۆتۆمبێل بەبۆنەی رەمەزان‌و هاتنی جەژنەوە بەرزدەبێتەوە

ساڵانە لەمانگی ڕەمەزان و پێش جەژندا بازاڕی ئۆتۆمبێل جوڵەی تێدەکەوێت و کڕیاران بۆ جەژن دەیانەوێت ئۆتۆمبێل بکڕن، ئەمساڵیش لەشەوانی ڕەمەزاندا پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل قەڵەباڵغەو نرخیش بەرزە.

ئەردەڵان ئەحمەد فرۆشیار لەپێشانگای ھانۆ لەناو پێشانگاکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەسلێمانی بەسایتی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند “ڕاستە شەوانە خەڵکێکی زۆر ڕودەکەنە پێشانگاکان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل، بەڵام ئەمساڵ نرخی ئۆتۆمبێل لەئێستادا بەرزەو بازاڕیش وەستاوە”.

وتیشی “لەئێستادا بۆیە نرخ بەرزە لەکۆتایی ئەم مانگەوە چیتر ڕێگە نادرێت ئەو ئۆتۆمبێلە خلیجیانەی کە بەشەحن دێن و ئەمریکین، بۆ لەمەودوا بێنە کوردستانە تەنھا ڕێگە بەئۆتۆمبێلی کیلۆمەتر سفر دەدرێت مۆدێلی ھەمان ساڵبێت کە تێیداین”.

لەناو پێشانگاکاندا ئۆتۆمبێل زۆرە کەخاوەنی ژمارە کاتی یان ژمارەی شارەکانی کوردستانن، ئەمانەش بەپێی خواستی کڕیاری  لەسەر ھەندێک ئۆتۆمبێل لەئێستادا ھەن کە پێیاندەوترێت شەحن، واتە ئەوانەی لە وڵاتانی کەنداوەوە دێن کە ھەندێکیان لەوڵاتی ئەمریکاوە دێن و دەچنە وڵاتانی کەنداوو بازرگانانی ئۆتۆمبێل دەیانھێنن بۆ کوردستان. کە ھەندێکیان چەند پارچەیەکیان بۆیاغە ئەمەش لە رخدا ھەرزانترە.

بەھمەن بەھائەدین، کڕیارێکی ئۆتۆمبێلەو ماوەی چەند ڕۆژێکە سەردانی پێشانگاکان دەکات، ئەو وتی” خۆم ئۆتۆمبێلێکم ھەبوو پێش ڕەمەزان فرۆشتم ئێستا دەمەوێت ئۆتۆمبێل بکڕمەوە، بەڵام نرخەکان گرانبووە”.

وتیشی” ئۆتۆمبێلی شەحن ھەیە لەچاو ئەو پارچە بۆیاغانەی کە ھەیەتی نرخی زۆرە کە دەبێت ١٢٠٠ دۆلاریش بدەیت بە ژەمارەکەی، بۆیە بازاڕ گرانەو نازانم چی بکڕمەوە”.

نرخی ئۆتۆمبێل لەبازاڕ بەپێی ھەبونی پارچە بۆیاغ و توشبونی بە ڕوداوی ھاتوچۆ زۆر ڕۆشتن و گێڕو مەکینەی جیاوازە، کە کڕیار کاتێک لەسەر نرخێک ڕێکدەکەوێت، پاشان دەیبات بۆ پشکنینی لەلای فیتەر نرخەکان گۆڕانی بەسەردا دێت یان گەر کێشەی نەبێت بەو نرخەی کە ڕێککەوتون دەفرۆشرێت.