نابینایەکی تەمەن ٨٤ ساڵ بەردەوامە لە کارکردن

 
ئەحمەد ئونساڵی تەمەنی ٨٤ ساڵ کە نابینایە و لە شارۆچکەی کارشیکایای سەر بە پارێزگای ئیزمیر دەژیت، وێڕای هەڵکشانی تەمەنی و نالەباری رەوشی تەندروستی لە رێگەی دانانی مێز و فرۆشتنی زەیتوونەوە بژێوی ژیانی دابین دەکات.

ئەحمەد ئونساڵ کە لە شارۆچکەی میلاسی سەر بە پارێزگای موغڵا لەدایکبووە، بەهۆی سەختی ژیان و نابینابوونییەوە رووی کردووەتە شارۆچکەی کارشیکایا و لەلای کچێکی دەژیت و لەگەڵ فاتمە ئونساڵی هاوسەری هەموو بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستێت و دەچێتە سەر کار.

ئەحمەد لە نزیک وێستگەی ئیزبان دەمیرکۆپرو مێزەکەی دادەنێت و زەیتوونی لەسەر دەفرۆشێت، فاتیمەی هاوسەریشی ملوانکە دەفرۆشێت.

ئەحمەد ئونساڵ ئاماژەی بەوە دا کە باری ئابووری خراپە و لەبەرئەمە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزان و هەر چوار منداڵەکەی کار دەکەن.

ئەحمەد کە تەمەنی گەنجێتی بە کاری کشتوکاڵییەوە بەسەربردووە، ناوی خۆی لەهیچ دڵنیاییەکی کۆمەڵایەتی تۆمار نەکردووە و بۆ مووچەی بەساڵاچووانیش مامەڵەی لە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نەکردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لە رۆژانی زۆر گەرم یان سارددا ناخۆش بەسەری دەبەن، گوتی: “سوپاس بۆ خوا، بازاڕمان خراپ نییە. هەندیک رۆژ ٣-٥ کیلۆ زەیتوون دەفرۆشم. من و هاوسەرەکەیشم خانەنشین نیین. بەڵام لە کۆڵانەکان دەست پان ناکەینەوە بەڵکو کار دەکەین”.

ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی نابینابوونی و ئازاری قاچەکانی ئیتر ناتوانێت وەک جاران بەپێ بڕوات لەگەڵ ئەوەشدا لە کارەکەی خۆی رازییە.

فاتمە ئونساڵی هاوسەریشی دوای تەمەنی ٧٠ ساڵی بەهۆی سەختی ژیانەوە مێز لە کۆڵان دادەنێت و ئەو ملوانکانە دەفرۆشێت کە خەڵک بە دیاری بۆی هێناون و بەشێک لە ملوانکەکەیانیش خۆی دروستی کردوون. سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا دەستکەوتی رۆژانەی ١٠-١٥ لیرە دەبێت.